Ramal Abdullah Mahmood
28 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2017
قاهیرە – AA
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب ئیدانەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیلیان لە قودس و مزگەوتی ئەقسا کرد.
دوای زیادبوونی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە قودس و مزگەوتی ئەقسا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاساییان لە قاهیرەی پایتەختی میسر ئەنجام دا و دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەندراوی کۆتاییان بڵاوکردەوە کە لە ١٧ خاڵ پێکهاتبوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئیدانەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل کرا لە قودس و داوا کرا جارێکی دیکە دەروازەکانی مزگەوتی ئەقسا دانەخرێن.
راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوە دا گوشارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەقسا کارپێکراو نیین، داوایشی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد پێشێلکاری و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قودس رابگرن.
راگەیەندراوەکە هەروەها داوای کردووە ئەمریکا بەردەوام بێت لە هەوڵ و کۆششەکانی بۆ رەواندنەوەی بارگرژییەکان و دەستەبەرکردنی ئارامی و هێمنی لەو ناوچەیە، هۆشداریشی داوە لەوەی لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی کێشەکان لە بناغەوە، لەوانەیە هەر چرکەساتێک دۆخەکە بتەقێتەوە.