Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2017
کوێت - AA
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، جەیمس ماتیس ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتە کوێت کە سێیەم وێستگەی سەردانەکەیەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی کوێت بڵاوی کردووەتەوە، کە جەیمس ماتیس لە فڕۆکەخانەی کوێت لە لایەن سەرۆک ئەرکانی سوپای کوێت، فەریق روکن محەمەد خزر و جێگری سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری پلان و ئۆپەراسیۆنەکان، عەمید روکن محەمەد کەندری و باڵیۆزی ئەمریکا لە کوێت، لۆرەنس سیلڤەرمان پێشوازی لێکرا.
رۆژی هەینی رابردوو وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندبوو کە لەمیانی سەردانەکەی بۆ کوێت، وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، سەردانی ماتیس بۆ کوێت لەجوارچێوەی گەشتێکی فەرمیدایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان کە دوێنێ دەستی پێکرد بەر لە هاتنی بۆ کوێت و سەردانی میسر و ئوردنی کرد، و سبەی دووشەممە بەرەو ئیسلام ئاباد بەڕێدەکەوێت.
گەشتەکەی وەزیری بەرگری ئەمریکا کە تاکو ٥ی ئەم مانگە دەخایەنێت، ئامانج لێی دڵنییادانە بەو وڵاتانە لەوەی واشنتۆن پابەندە بەرامبەر بە هاوبەشەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وناوچەکانی رۆژئاوای ئەفریقیا و باشووری ئاسیا.
ئەم گەشتەی وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دەنگۆی رەتکردنەوە یاخود سووربوونی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هەیە لەبارەی بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ئەم بڕیارەش ئەگەری هەیە لە لایەن فەڵەستین و وڵاتانی عەرەبی رەتبکرێتەوە.