Zana Natık Kerem
21 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، تۆم توگێندھات بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، تۆم توگێندھات و شاندی یاوەری.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی پتەوترکردنی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئەمنی، سەربازیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بنبڕکردنی گەندەڵی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سوپاسی بەریتانیای کردووە لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی لە عێراق لەشەڕی دژبە داعش و جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگە بەریتانیا ھاریکاری عێراق بکات بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ڕووبەڕوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و بنبڕکردنی گەندەڵی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خڕاوەتەوە کە لە چوارچێوەی سەردانەکەی تۆم توگێندھات بۆ بەغدا، یاداشتنامەیەکی ھاوبەش لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارتی ناوخۆی بەریتانیا واژوو دەکرێت و لەو بارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی خۆشحاڵی خۆی بە واژووکردنی یاداشتنامەکە نیشانداوە.
لای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، تۆم توگێندھات دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە لەشەڕی دژبە داعش، پاڵپشتی زیاتر پێشکەش بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بکات.
لەئێستادا، بەریتانیا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆ، ١٥٠ سەربازی بۆ ڕاوێژ و مەشق پێکردن بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکان لە عێراق جیگیرکردووە.