Zana Natık Kerem
08 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2018
قودس ــ AA
وەزیری کشتوکاڵ و ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست)، ئوری ئەرییەل دوای دوو ساڵ و شەش مانگ وەک یەکەم وەزیری ئیسرائیلی ھەڵیکوتایە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس.
ھاوکات ھەفتەی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو بڕیارێکی دەرکردبوو کە رێگە بە ئەندامانی حکوومەتەکەی و کنێست دەدات ھەڵبکوتنەسەر مزگەوتی ئەقسا.
بە گوتەی شاھید حاڵەکان، ئوری ئەرییەل کە ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیلە لەسەر پارتی "ماڵی جوولەکە"ی توندڕەو بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ ژمارەیەک جوولەکە بە یاوەڕی پۆلیسی ئیسرائیل لەژێر گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توند، ھەڵیانکوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا لە قودس.
ھاوکات کەناڵی حەوتی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، ئوری ئەرییەل لە گوتەیەکدا لە بەردەم جوولەکەکان لەناو مزگەوتی ئەقسا رایگەیاندووە ئاوات دەخوازێت بەم نزیکانە ھەیکەل بنیات بنرێت.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە پێشتر لەسەر رێنمایەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل، ئوری ئەرییەل رەزامەندی ھەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسای وەرگرتبوو.
پێشتر پەرلەمانی ئیسرائیل رێنمایی بڵاوکردبوویەوە کە بۆ ھەر ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا دەبێت بەر لە ٢٤ کاتژمێر داوایەک پێشکەشی بەرپرسانی ئەمنی لە پەرلەمان بکرێت.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بە بڕیارێک کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو دەریکردبوو، رێگە بە وەزیران و ئەندامانی پەرلەمانی ئیسرائیل دەدرێت ھەڵبکوتنە سەر مزگەوتی ئەقسا ئەوەش دوای دوو ساڵ و شەش مانگ کە لێیان قەدەغەکرابوو.
کەناڵی دووی ئیسرائیلی بڵاویکردبوویەوە کە ناتانیاھو ئەو بڕیارەی بە نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل، پولی ئیدلشتاین کردووە کە تیایدا پێی راگەیاندووە، رێگە بە ئەندامانی پەرلەمان دەدرێت ھەر سێ مانگ جارێک بچنە ناو مزگەوتی ئەقسا.
لە ھەشتی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥، ناتانیاھو ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسای لە ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) قەدەغەکردبوو، ئەویش بە ئامانجی رێگریگرتن لە پێکدادان و رووبەڕوونەوەکان لە شارەکە.
* ماڵپەڕی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم ھەواڵەی کە بڵاوکراوەتەوە کورت و پوخت کردووەتەوە و دواتر بڵاوی کردووەتەوە، بۆ بیینینی تەواوی ھەواڵەکە ببن بە ئابونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.