Hemn Baban
06 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2018
ھەولێر-AA
پارێزگاری نەینەوا، نهوفل سوڵتان حهمادی رایگەیاند "ئاسایش لە پارێزگاکە بەرقەرارە و داعش بۆ ھەمیشە کۆتایی پێ ھات".
سەبارەت بە بارودۆخی نوێی پارێزگای نەینەوا و شاری مووسڵ بەتایبەت دوای داعش و بارودۆخی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، پارێزگاری نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە راستییدا دەوڵەتی عێراق بە قەیرانێکی دارایی گەورە تێپەڕی بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت و دوای ئەوەی چووە نێو شەڕێکی توند و سەخت لەگەڵ چەکدارانی تیرۆریستی داعشەوە ئەوە وایکرد پلانەکە وەکو خۆی سەرنەگرێت بۆ ئاوەدانکردنەوە".
نهوفل سوڵتان حهمادی گوتیشی: "لە راستییدا پلانەکە ھەیە و ئامادەیە، بەڵام پارە نییە بۆ ئەوەی ئەو پلانە جێبەجێ بکرێت، بەتایبەت وێرانبوونی ژێرخان و موڵکی تایبەتی ھاووڵاتییان و باڵەخانە و موڵکی حکوومی زۆر زۆرە و قەبارەیەکی گەورەیە، بەتایبەت لە لای راستی شارەکە، بەڵام پارەیەکی بچووک و کەم ھەیە و چەند ژێرخانێکی کەمی شارەکە و پارێزگاکە وەکو چاککردنەوەی کارەبا، تۆڕەکانی ئاو، قیرتاوکردنی جادەکان و ئاوەڕۆ دەستی پێکردووە و بەشێکی چاککراونەتەوە".
سەبارەت بە کۆنگرەی کوێت کە بڕیارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخان بکرێت و باسی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە بکرێت کە زیانی بەرکەوتووە بە ھۆی داعشەوە، پارێزگاری نەینەوا گوتی: "کۆنگرەی کوێت ھەیە بۆ وڵاتانی کۆمەکبەخش بە مەبەستی کۆکردنەوەی پارە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی داعش وێرانی کردوون، ئومێد دەکەین بڕە پارەی پێویست دابین بکرێت لە لایەن ئەو وڵات و رێکخراوانەوە بۆ ئەوەی دووبارە پارێزگای نەینەوا ئاوەدان بکرێتەوە".
لەمەڕ قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا، نەوفل سوڵتان حەمادی رایگەیاند "پێشتر بە نزیکەی ٥٣ ملیار دۆلار خەمڵێنرابوو، بەڵام ژمارە خەمڵێنراوەکان بۆ ئەو زەرەرەی لە پارێزگاکە کەوتووە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بڕی ٤٢ ملیار دۆلار زیان گەیشتووە بە موڵکی گشتی و تایبەتی لە پارێزگای نەینەوا".
نەوفل سوڵتان حەمادی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەو دزەکردنانەی جار و بار داعش لە سنووری پارێزگاکە ئەنجامی دەدات گوتی: "داعش لە رووی سەربازییەوە تەواو بووە بۆ ھەمیشە، بەڵام لێرە و لەوێ شت دەکرێت و روو دەدات، بەڵام ئاسایشی پارێزگای نەینەوا ئێستا زۆر باشە، تەنانەت رێژەی دزیکردن بە نموونە وەختە بڵێین نییە".
دەربارەی ئەو زیانانەی کە بەر لای راستی شاری مووسڵ کەوتووە پارێزگاری نهینهوا، نهوفل سوڵتان حهمادی رایگەیاند "رێژەی زیانەکانی لای راستی مووسڵ زۆر زێدەڕۆیی تیادا دەکرێت، زیانەکان ھەموو ئەو بەری نەگرتووەتەوە کە بە شێوەیەک پێویستی بە رووخاندنی ھەمووی ھەبێت، بەڵکو رێژەی زیانەکان زیاتر لە مووسڵی کۆنەکە پترە، ١٢ ھەزار خانوو بە تەواوەتی رووخێنراون، کارکردن بەردەوامە لە چاککردنەوەی پرد و تۆڕەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و ژێرخانی دیکە، بەڵام بەگشتی پێویستمان بە پاڵپشتیی داراییە بۆ ئەوەی شارەکە ھەڵسێنینەوە سەر پێی خۆی".