Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن- AA
پارێزەری راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، مایکڵ فلین، رۆبەرت کێڵنەر ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەمریکیدا دەرهەق بە بریکاردارەکەی بڵاوکراونەتەوە بە بانگەشەی "درۆ و زۆر قێزەون" ناوبرد.
رۆبەرت کێڵنەر لە روونکردنەوەیەکدا ئەو بانگەشانەی بە درۆ خستەوە کە سەبارەت بە بریکاردارەکەی، مایکڵ فلین لە رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکیدا، بڵاوکراونەتەوە و بانەگەشەکانی بە ''درۆ و زۆر قێزەون'' لە قەڵەمدا.
پارێزەرەکەی فلین باسی لەوەکردووە ئەوان رێز لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەی پەیوەست بە رووسیا کە لە ئەمریکا بەرێوەدەچێت، دەگرن و لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان لە وەڵامدانەوەی هەر ''قسە و قسەڵۆک و بانگەشەیەک کە لە میدیاکاندا سەبارەت بە بریکاردارەکەی بڵاودەکرێتەوە'' بەدوور دەگرن.
راشیگەیاندووە ''بەڵام هەواڵەکانی ئەمڕۆ بانگەشەی سەبارەت بە رفاندنی مرۆڤ و بەرتیل سەبارەت بە جەنەراڵ مایکڵ فلین تێدایە، ئەمانە زۆر قێزەونن و سەپاندنی حوکمی پێشوەختە و درۆن''.
رۆژی هەینی رابردوو لە هەواڵێکی پەیوەست بەو بابەتەدا، رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویکردبوویەوە کە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا کۆبوونەوەیەک لەنێوان فلین و کوڕەکەی لەلایەک و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی تورکیا لەلایەکی دیکە سەبارەت بە رفاندنی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، فەتحوڵڵا گولەن بۆ دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ١٥ ملیۆن دۆلاردا ئەنجامدراوە و لە لایەن دادوەری خاوەن دەسەڵاتی تایبەت، رۆبەرت مولەرەوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی رووسیا دەکات، لێپێچینەوە لەو کۆبوویەوەیەش کراوە.
لە هەواڵەکەی ۆڵ ستریت جۆرناڵدا ''ژمارەیەک کەسایەتیی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە'' وەک سەرچاوەی زانیارییەکان باسکراون، بەڵام سەبارەت بەو سەرچاوەیەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە بانگەشە بۆ کراوەکەی نێوان فلین و کاربەدەستان و خاوەنکارانی تورکیای درکاندووە، هیچ زانیاریەکی بەرجەستە بڵاونەکراوەتەوە.
هەر رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ لە هەواڵێکی پێشتریدا باسی لەوەکردبوو بەر لە کۆبوونەوەکەی کانوونی یەکەم و لە ١٩ی ئەیلوولدا دیدارێکی دیکە ئەنجامدراوە و بەڕێوەبەری پێشووتری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، جەیمس وسڵی تێیدا بەشدارییکردووە.
لەروونکردنەوەیەکیشدا بۆ رۆژنامەکە لەوبارەیەوە، جەیمس وسڵی کە هاوکات هاوبەشی بازرگانی فلین بووە، رایگەیاندووە ''لە کۆبوونەوەکەدا زۆر بابەت تاوتوێکران لەوانەش رفاندنی فەتحوڵڵا گولەن''.
بەڵام لە هەواڵێکی رۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ئاژانسی رۆیتەرزدا بانگەشەی ئەوە کراوە ''وسڵی لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٦دا پێشنیاری بۆ دوو خاوەنکاری تورکیا کردووە کە لەبەرامبەر هەوڵەکانی وەشاندنی گورز لە پێگەی فەتحوڵڵا گولەن ١٠ ملیۆن دۆلار وەربگرێت، بەڵام دوو خاوەنکارەکە بەمە قایل نەبوون''.
بانگەشەی ئەوەی وسڵی دوای رۆژێک لەو کۆبوونەوەیەی کە باسدەکرێت لەنێوان فلین و کاربەدەستە تورکەکاندا ئەنجامدراوە، لەگەڵ هەمان ئەو خاوەنکارانەدا کۆبووەتەوە و باسی گولەنیان کردووە و پێشنیاری گرێبەستێکی بە بڕی ١٠ ملیۆن دۆلار پێشکەشکردووە بووەتە جێگەی سەرنج. هاوکات بەڕێوەبەری پێشووتری CIA سەبارەت بەدەنگۆی ئەو گرێبەستە ١٠ ملیۆن دۆلارییە، هیچ وەڵامێکی نەبوو.
جەیمس وسڵی رۆژی ١٤ی شوبات و دوای مانگێک لە دوورخستنەوەی فلین لە کارەکەی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەکردبوو کە ''لەگەڵ کاربەدەستان و خاوەنکارانی تورکیادا تاوتوێی بابەتی گولەنیان کردووە بەڵام بەتەواوەتی ئەوەی بەبیر نایەتەوە کە کێ لە کۆبوونەوەکەدا چی گوتووە''.
بەڵام هەر وسڵی لەدوای ئەو چاوپێکەوتنە، لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ئەمریکی، جیاواز لە لێدوانەکەی پێشووی، رایگەیاند: ''ئەو کەسەی کە رایگەیاندبوو هاوکاری تورکیا دەبێت سەبارەت بە گولەن، فلینە''.
لە مانگی ئایاری رابردووەوە تا ئێستا لە ئەمریکا دادوەری خاوەن دەسەڵاتی تایبەت، رۆبەرت مولەر لێکۆڵینەوە لە بانگەشەکانی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا لەرێگەی هێرشی سایبەرییەوە، دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەنێو رای گشتیی ئەمریکادا فلین وەک یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووسیادا دەکرێتە ئامانج لەلایەن مولەرەوە، تەماشادەکرێت و پێشتریش سەرۆکی ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو ''لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووسیادا فلین لەدژی ئەو بەکاردەهێنرێت''.