Zana Natık Kerem
18 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن و سەرۆكی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن پشتیوانی خۆیان بۆ یەكپارچەیی عێراق، هەروەها ئەو هەنگاوانەی كە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسایی لە وڵات گرتووتیەبەر، دووپات كردەوە.
ئەمەش لە میانی دوو پەیوەندی تەلەفۆنی جیادا هات كە هەر یەك لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، رێكس تیلەرسن و سەرۆكی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئەنجامیان دا.
بە پێی بەیاننامەیەك كە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بڵاوی كردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، جارێكی دیكە رێكس تیلەرسن رایگەیاندووە وڵاتەكەی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان رەت دەكاتەوە و پشتیوانی لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی بە عەبادی گوتووە "ئێمە پشتیوانی لە یەكپارچەیی عێراق، هەروەها ئەو هەنگاوەی كە حكوومەتی ناوەندی تایبەت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی یاسایی و دووركەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوە گرتوویەتەبەڕ دەكەین".
رێكس تیلەرسن ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوەی ئێستا لای ئەمریكا گرنگە، تەواوكردنی جەنگی دژ بە داعش، هەروەها كۆنترۆڵكردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی عێراقە، ئەمریكا پیشتیوانی لە هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق دەكات بۆ لەناوبردنی تیرۆر و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكان، هەروەها پشتیوانی لە ئابووری عێراق دەكات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گوتووە: "ئەوەی لە كەركووك رووی دا، خۆی لە دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزە عێراقییەكان و سەپاندنی ئاسایش و یاسا لە پارێزگاكە دەبینێتەوە كە ئەوەش هەنگاوێكی یاسایی و دەستوورییە بۆ ریگریكرن لە دابەشبوونی وڵات و لاوازكردنی".
حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوەشداوە كە حكوومەتی ناوەندی سوورە لەسەر گفتوگۆكردن بە پێی دەستوور و باسی لەوەش كردووە كە هێشتا ئەولەویەتی حكوومەتی عێراق بۆ شەڕی دژ بە داعشە كە لە كۆنترۆڵكردنەوەی سەرجەم ناوچەكانی عێراق و پاراستنی سنوور نزیك بوونەتەوە.
لە پەیوەندییەكی دیكەی تەلەفۆنییەدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆكی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن جەختی كردووەتەوە كە وڵاتەكەی پشتیوانی لەو هەنگاوە یاساییانە دەكات كە حكوومەتی ناوەندی بۆ پاراستن و یەكپارچەیی عێراق گرتوویەتیەبەر.
ئیمانوێل ماكرۆن ئاماژەی بەوە دا كە گرنگە جەختكردنەوە لەسەر شەڕی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەردەوام بێت.