واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی جەختی لەوە كردەوە بۆ هاوكاری كردنی ئەو كەسانەی بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی زەرەر و زیان بوونەوە 200 ملیۆن دۆلاری دیكە هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە عێراق دەكەن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی كە دوای هاتنەی سەركاری جاری یەكەمجارە سەردانی واشنتۆن دەكات، لە كۆشكی سپی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما كۆ بووەوە و دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی هاوبەشدا هەردوولا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
ئۆباما گوتی: "بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە عێراق ژمارەیەكی زۆر خەڵك رووبەڕووی زەرەر و زیان بووەتەوە و ئەمریكایش پێ وایە پێویستە هاوكاری ئەو كەسانە بكرێت كە رووبەڕووی زەرەر و زیان بوونەوە و لەو چوارچێوەیەدا ئەمریكا هاوكاری مرۆیی پێشكەشی حكومەتی عێراق دەكات و بۆ ئەوەی پێكهاتەكانی عێراق بگەنە ئارامی و بۆ ئەوەی هاوكاری ئەو كەسانە بكرێت كە لە ماڵوحاڵی خۆیان بوونە و كارو كاسبییان لە دەست داوە ئەمریكا 200 ملیۆن دۆلاری دیكە هاوكاری مرۆیی روانەی عێراق دەكات".
ئۆباما گوتیشی: "دوای هەڵبژاردنی سەرۆكوەزیران حەیدەر عەبادی هێزەكانی ئەمنی عێراق لە رووی پەروەردە و ئیمكانیاتەوە رەوشیان باشتر بووە و بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی جیهان بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، عێراق توانیویەتی یەك لەسەر چواری ئەو ناوچانەی عێراق كە لە لایەن داعشەوە داگیركرابوون ئازاد بكات. بەڵام سەرەڕای ئەو سەركەوتنانەی تا ئەمڕۆ بەدەست هاتوونە، لە ناوبردنی تیرۆریستانی داعش پێوستی بە كاتێكی زیاتر هەیە".
ئۆباما لە وەڵامی پرسیارێكدا باسی ئەوەی كرد كە لە شەڕی دژی داعش لە عێراق هەڵوێست و هەڵسووكەتی ئێرانیشیان رەچاو كردووە و عێراق دەتوانێت لەگەڵ ئێرانی دەراوسێدا كە ژمارەیەكی زۆری شیعەی تێدایە هاوكاری و هەماهەنگی بكات بەڵام لە بواری شەڕی دژی داعشدا دەبێت هەر جۆرە هاوكارییەكی وڵاتانی دیكە لە ژێر فەرمانداریەتی سوپا و بەپرسانی عێراقدا بێت.
ئۆباما بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا: "دەبێت هاوكارییەكانی وڵاتانی بیانی بۆ لە ناوبردنی داعش لە رێگای حكوومەتی عێراقەوە پێشكەش بكرین چونكە تەنیا بەو جۆرە رێز لە سەروەری عێراق دەگیردرێت و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش وەكو ئەوەی ئێوە بیستتان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو هاوكارییانە دەكات بەڵام ئەو هاوكارییانە تەنیا ئەوە نین كە حكوومەتی عێراق سەرپەرەشتییان بكات، بەڵكو پێویستە جۆرە هاوكارییەك بن كە بە گشتی لە ژێر بەرپرسیاریەتی حكوومەتی عێراقدا بن و پێویستە لە نێو حكوومەتی عێراقیشدا پلە و پایەی سەربازی كاری پێ بكرێت".
ئۆباما راستەوخۆ وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی لە بارەی داواكاری عەبادی لە ئەمریكا بۆ پێدانی هەلیكۆپتەر، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و پێداویستی دیكەی سەربازی، نەدایەوە و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ سەركەوتوو بوونی سوپای عێراق لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش درێژە بە هاوكاری و هەماهەنگی خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا دەدەن.
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادیش لەو كۆنگرە رۆژنامەنووسییەدا گوتی: "بەهۆی هاوكاری و پشتگیری كردنی ئەمریكا بۆ ئازادكردنی عێراق و لە ناوبردنی تیرۆریستان سوپاسی حكوومەتی ئەمریكا و ئۆباما دەكەم".
عەبادی گوتی: "داعش لە عێراق زۆر هێرشی خائینانە ئەنجام دەدات و بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوپەیمانی جیهانی و ئەمریكا درێژە بە هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوانمان دەدەین، ئەمرۆ لە عێراق تیرۆریستانی داعش هێرشی خائینانە ئەنجام دەدەن و كەمینەكان دەكوژن و شوێنە پیرۆز و مێژووییەكانیش كاول دەكەن".
عەبادی گوتی: دوای دەركردنی تیرۆریستانی داعش لە شاری تكریت بە هاوكاری هاوپەیمانی جیهانی، ئەمجارە هەوڵ بۆ ئازاد كردنی پارێزگاری ئەنبار و شاری مووسڵ دەدەین كە داعش تیایاندا بەهێزە و ئەمریكایش بەڵێنی هاوكاری كردنی سوپای عێراقی داوە بۆ رزگاركردنی هەموو ناوچەكانی عێراق لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.