Abdullah Shukur
25 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 26 مای,س 2018
سەنت پیتەرزبورگ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین گوتی: "تورکیا بە کڕینی سیستەمی S-٤٠٠ وەک ئەندامی ناتۆ بڕیاری کڕینی باشترین و پێشکەوتووترین سیستەمی جیھانی داوە".
پوتین لە چوارچێوەی کۆربەندی ئابووری نێودەوڵەتی سەنت پیتەرزبورگ پێشوازی لە بەڕێوەبەرانی چەند ئاژانسێکی جیھانی بەناوبانگ کرد و، جێگری بەڕێوەبەری گشتی و بەرَێوەبەری پەخشی گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەتین موتانئۆغڵوش بەشداری لە کۆبوونەوەکە کرد.
پوتین باسی لە کڕینی سیستەمی بەرگری مووشەکی S-٤٠٠ی رووسی لەلایەن تورکیاوە کرد و گوتی: "تورکیا بە کڕینی سیستەمی S-٤٠٠ وەک ئەندامی ناتۆ بڕیاری کڕینی باشترین و پێشکەوتووترین سیستەمی جیھانی داوە".
پوتین باسی لەوە کرد کە لەوەو پێشتر سیستەمی بەرگری S-٣٠٠ بە یۆنان داوە و ئاشکراشی کرد کە ئەوان چەکی دیکەشیان بە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ فرۆشتووە، پوتین ئاماژەی بە کاردانەوەکانی ئەمریکا لەبارەی فرۆشتنی سیستەمی بەرگری مووشەکی S-٤٠٠ی رووسی بە تورکیا کرد و گوتیشی: "پرسی گوشار خستنەسەر تورکیا لەمبارەیەوە تێناگەم. ئەمە بۆچوونێکی دادپەروەرانە نییە بەرامبەر تورکیا".
ڤلادمیر پوتین لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی: "بەکارھێنانی رێگاکانی گوشار خستنەسەر بەرێز ئەردۆغان زۆر ئەستەمە ئەنجامی ھەبێت. بەپێچەوانەوە ئەمە ئەردۆغان بوێرتر دەکات".
سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین گوتیشی: "لەبارەی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی، تورکیا مافی خۆیەتی بژاردەی خۆی بەکاربھێنێ. لەبارەی نرخ و کوالیتی، بەرژەوەندیە نیشتمانییەکان لەبەرچاو دەگرن".