Aliia Raimbekova
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2023
مۆسکۆ- AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند، تەواوی سەرچاوەی دارایی گرووپی ڤاگنەر لەلایەن دەوڵەتەوە دابینکراوە.
پوتین لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەربازانی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی لە کۆشکی کرملین، دەربارەی گرووپی ڤاگنەر زانیاریی خستەڕوو.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەدا کە هەمیشە و لە هەموو شوێنێک یاخیبوون بووەتە هۆی پشێوی و شەڕی ناوخۆ و رووی قسەکانی کردە سەربازانی وڵاتەکەی و گوتی: "ئێوە رێگریتان لەم یاخیبوونە گرت و دەمەوێت سوپاسی ئەو رۆڵە بکەم کە گێڕاتان".
پوتین ئاماژەی بەوەشدا کە سەربازانی رووسیا بۆ رێگریکردن لە رژانی خوێنی هاووڵاتییانی مەدەنی بەشێوەیەکی سەخت توانیان مامەڵە لەگەڵ یاخیبوونەکەی ٢٤ی حوزەیران بکەن.
سەرۆکی رووسیا نیگەرانی خۆشی لە کوژرانی بەشێک لە سەربازانی سوپا دەربڕی و رایگەیاند: "بێگومان ئەم جەنگە قوربانی هەبوو. بەشێکی هەڤاڵانمان لە کاتی بەرگریکردن لە نیشتمان، گیانیان لەدەستدا. دەمەوێت جارێکی دیکە تیشک بخەمەوە سەر ئەوەی کە روودانی پشێوی لە وڵاتدا بووەتە ئەگەرێکی حەتمی و دوژمنیش سوود لەم رەوشە وەردەگرێت. دوژمن لە ئێستادا هەوڵ بۆ نانەوەی پشێوی دەدات و هیوادارم هەوڵەکانی نەگەنە ئەنجام. بەڵام بە دڵنیاییەوە سوود لە رەوشەکە وەردەگرن. لە کۆتاییدا کەس نەیدەزانی وڵات دەگات بە کوێ، بەڵام لانیکەم زۆربەی ئەو دەستکەوتانەمان لەدەستدەدا کە لە جەنگدا بەدەستمان هێناون، ئێوەش رێگریتان لەم لەدەستدانە گرت".
ڤلادمیر پوتین ئاماژەی بەوەشدا کە بە رێزەوە لەگەڵ شەڕکەران و فەرماندەکانی گرووپی ڤاگنەر مامەڵەیان کردووە گوتیشی: "ئەوان بەڕاستی بوێری و نەبەردییان نواند و تەواوی سەرچاوە داراییەکانی گروپی ڤاگنەر لەلایەن دەوڵەتەوە دابینکراوە".
دەربارەی زیانەکانی ئۆکرایناش پوتین رایگەیاند: "لە چواری حوزەیرانەوە کە لایەنی بەرامبەر دەستی بە ئۆپەراسیۆن کردووە تا ئێستا، ٢٥٩ تانک و ٧٨٠ زرێپۆشی لەدەستداوە، تەنها لە حەوت رۆژی رابردوودا دوژمن لە بەرەی ئۆریخۆڤۆ ٢٨٠ ئامێری جەنگی لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش ٤١یان تانک و ١٠٢یان ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بوون".