بەپێی ئەو دۆكیومێنتانەی لە چوارەم گەورەترین كۆمپانیای یاسایی دەرەكی لەسەر ئاستی جیهان (Mossack Fonseca)ەوە دزەیان پێكراوە، كەسانی نزیك لەهەریەك لە سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین و سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد لەناو دۆكیومێنتەكاندا ناویان هەیە.
لەو دۆكیومێنتانەدا كە دەست دەستەی نێودەوڵەتیی لێكۆڵینەوەی رۆژنامەوانییەوە (ICIJ) كەوتووە و هاوبەشیی لەگەڵ ٨٠ دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتیدا پێكراوە، ناوی ژمارەیەكی زۆر كەسی تێدایە، لەناو ئەوانەشدا سەرۆكی ١٢ وڵات و ١٤٣ سیاسەتمەدار، كە لە رێگەی كۆمپانیا دەرەكییەكانیانەوە چالاكی نایاساییان ئەنجام داوە لەشێوەی قاچاخچێتی كردن بە باج و سپیكردنەوەی پارە.
بەپێی ئەو دۆكیومێنتانە، پورزاكانی سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد لەلای دایكییەوە، رامی و حافز مەخلوف، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سەرەڕای ئەوەی لەبەرچاو نەماون بەڵام لە رێگەی بەكارهێنانی پەیوەندییەكانی خزمایەتییەوە، سەروەت و سامانێكی زۆریان كۆكردووەتەوە.
كۆمپانیایەكی بیانی كە ویستوویەتی لە سووریا كاربكات، ناچار بووە مۆڵەت لە رامی مەخلوف وەربگرێت كە بوارە گرنگەكانی وەك نەوت و پەیوەندییەكانی خستووەتە ژێر دەستی خۆیەوە.
رامی مەخلوف لەساڵی ١٩٩٨دا بەمەبەستی وەبەرهێنان لە كەرتی پەیوەندییەكاندا لە سووریا لەگەڵ خاوەنكارانی ئوردن كۆمپانیای پۆڵتەری بۆ وەبەرهێنان بەكارهێناوە. ناوبراو لەساڵی ٢٠٠٢دا كۆمپانیای GSMی (Syriatel)ی لە سووریا دامەزراندووە و بووەتە خاوەنی لەسەدا ١٠ی پشكەكانی كۆمپانیاكە و بەناوی كۆمپانیای (Drex Technologies S.A)یشەوە بووەتە خاوەنی لەسەدا ٦٣ی دیكەی پشكەكانی كۆمپانیاكە. هەمان ساڵ هاوبەشەكانی دیكەی مەخلوف لە كۆمپانیاكەدا لە ڤیەننا سكاڵایەك لەدژی ناوبراو تۆمار دەكەن. هاوكات لەحسابی بانكیی كۆمپانیای (Drex Technologies S.A)دا لە ڤیەننا، دوو ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار كۆببووەوە، رامی مەخلوف حسابێكی دیكەی لە ڤیەننا بۆ كۆمپانیاكە كردەوە.
حسابی بانكیی بەناوی هەریەك لە كۆمپانیاكانی دیكە رامی موخلوفەوە هەیە كە بریتین لە (Lorie Limited)، (Dorling International Limited) و (Ramak Ltd). ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەك حساب بەناوی ئەو كۆمپانیایانەشەوە بوونی هەیە كە لەگەڵ براكەی تێیاندا هاوبەشە وەك (Seadale International Corporation) ، (Hoxim Lane Management Corp) و (Eagle Trading & Contracting Limited).
بەپێی دۆكیومێنتە دزەپێكراوەكان لەمانگی شوباتی ٢٠١١ەوە ئاڵوگۆڕی ئیمەیڵ لەنێوان بەرپرسانی كۆمپانیای یاسایی (Mossack Fonseca) و رامی مەخلوفدا سەبارەت بە سەپاندنی سزا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە بەهۆی بانگەشەكانی بەرتیل وەرگرتن و گەندەڵییەوە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە، بەسەریدا سەپێنراوە. هەر هەمان ساڵ ئەنجوومەنی (BVI) بۆ خزمەتگوزارییە داراییەكان كۆمپانیای (Mossack Fonseca)ی ئاگاداركردەوە لە بوونی سكاڵایەكی سپیكردنەوەی پارە لەدژی كۆمپانیای (Drex Technologies S.A) و پیشنیازی ئەوەی بۆ كرد كە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بنەماڵەی مەخلوفدا بپچڕێنێت.
هەروەها لە دۆكیومێنتەكاندا بانگەشەی ئەوە كراوە، جەنەراڵ حافز مەخلوف بۆ زاڵبوون بەسەر ركابەرەكانیدا هاوكاری براكەی كردووە، بەتایبەت كە ناوبراو لێپرسراو بووە لە پێداویستییە هەواڵگری و ئەمنییەكان.
بەهۆی ئەوەی هاوكاری ئەسەدیان لە كپكردنەوەی خۆپیشاندانە دیموكراتییەكان لە رێگەی بەكارهێنانی هێزەوە كردبوو، سزای نێودەوڵەتی بەسەر رامی و حافز مەخلوفدا سەپێنرابوو. بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت كە حافز توانیویەتی چوار ملیۆن دۆلار لە حسابە بانكییەكانی خۆی لە سویسرا دەربهێنێت. بەهۆی ئەوەش كە دژی رژێم وەستایەوە، لە ساڵی ٢٠١٤دا لە ئەركەكەی لادرا و باس لەوە دەكرێت بۆ وڵاتی بێلاروسیا هەڵاتبێت.
- هاوڕێی نزیكی پوتین، سێرگێی رۆڵدوگین
هاوڕێی منداڵی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین، سێرگێی رۆڵدوگین، هونەرمەند و موزیكژەنێكی ناسراو بوو لەسەر ئاستی جیهان. رۆڵدوگین كە پوتین و لیودمیلای هاوسەری بەیەكتر ناساند و باوكی بەمەسیحیكردنی (باپتیزم) كچەكەیان ماریایە، بەڕێوەبەری پەیمانگای موزیكی (Rimsky-Korsakov)ی حكوومی بووە لە شاری سانت پیتەرسبۆرگ و ماوەیەكیش ئەركی بەڕێوەبەری خانەی موزیك لە شارەكە بووە.
دوو كۆمپانیای یەكەم، لەلایەن حكوومەتی ئەمریكاوە بە "بانكی كەسێتی لێپرسراوانی پلە باڵای رووسیا" ناسێندراوەكە لەلایەن (Bank Rossiya)ەوە دامەزرێنراوە.
لەنێو ئەو پێنج كۆمپانیایەدا، كۆمپانیای (Sonette) هەیە، كە لە ساڵی 2008دا بووە خاوەنی بەشێكی زۆری گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی بارهەڵگری Kamazی رووسی.
یەكێك لە كۆمپانیاكانی رۆڵدوگی بەناوی (International Media Overseas) بەشی لەسەدا 12،5ی Med Media Networkی كڕی كە بەشی كۆمپانیای (Vi)ی بوو كە گەورەترین كۆمپانیای رێكلامی تەلەفزیۆنیە لە رووسیادا.
- ئاركادی و بۆریس رۆتینبێرگ، هاوڕێی منداڵی پوتین
لەو دۆكیومێنتانەی دزەیان كردووە، ملیاردێران (ئاركادی و بۆریس رۆتینبێرگ)ی برا، سوودیان لە هاوڕێیەتی منداڵیی سەرۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین وەرگرتووە.
ئەوەش راگەیەندراوە كە هاوڕێیەتی پوتین و برایانی رۆتینبێرگ بەهۆی هونەری جەنگی رووسیی (sambo و judo)ەوە بەهێزبووە.
لە دۆكیومێنتەكاندا باس لەوە كراوە كە ئاركادی و رۆتینبێرگ بەشێوەیەك هەڵسوكەوتی نەكردووە كە سوود لە پوتین وەربگرێت، بەڵام كاتێ پوتین بۆتە سەرۆكی رووسیا، برایانی رۆتینبێرگ بەهۆی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ دەوڵەت و كۆمپانیاكانی سەربە دەوڵەت كردوویانە ملیارەها دۆلار سوودیان كردووە.
ئەمریكا، لە مانگی ئاداری 2014دا، بەهۆی ئەوەی پشتیوانیانەی بۆ دەستە پرۆژەی پوتین دەستەبەریان كردبوو و سوودیان پێگەیاندبوو، سزای بەسەر برایانی رۆتینبێرگدا سەپاند.
- وەڵامی كرێملین
گوتەبێژی راگەیاندنی كرێملین دیمیتری پێسكۆڤ، لە لێدوانێكیدا بۆ راگەیاندنی رووسیا گوتی: "ئامانجی سەرەكی ئەو رووداوە، پوتین و سەقامگیری سیاسەتی رووسیایە كە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان كە نزیك بووەتەوە، لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی كە دوای دوو ساڵی دیكە ئەنجام دەدرێت گرتوویەتەبەر. لەبەرئەوەی ئەم كارە بەسوود نییە و بێ تایبەتمەندییە، كاریگەری خراپی نابێت".
هاوكات پێسكۆڤ باسی لەوە كرد كە ئەو دۆكیومێنتانەی دزەیان كردووە ئامانج لێی داپۆشینی سەركەوتنەكانی رووسیایە لە سووریادا، ئەو رۆژنامەنووسانەشی لەسەر تۆمارەكان كاریان كردووە كارمەندی سی ئای ئەی و دەزگا هەواڵگرییەكانی پێشوو بوون.
لەو دۆكیومێنتانەدا كە وەك "دۆكیۆمێنتەكانی پەنەما" دزەیان كردۆتە ناو راگەیاندنەوە، بانگەشەی ئەوە دەكرێت كەوا كەسانێكی زۆر كۆمپانیایەكی زۆر قاچاخچێتی دەكەن بە باجی نێودەوڵەتییەوە، پارە سپی دەكەنەوە، بە ئامانجی خۆدزینەوە لە سزای نێودەوڵەتی كاروباری داراییان لەسەر كۆمپانیا و ئەژماری دەرەكی كردووە.
لە هەندێك وڵاتدا كۆمپانیای دەرەكی لە دەرەوەی وڵاتەكانیان دامەزرێندراون كە بە "بەهەشتی باج" ناسراون، ئەوەش بەگشتی ئامانج لێی بۆ نەدانی باج، یان بۆ دانی باجێكی كەمە.
هاوكات لەو دۆكیومێنتانەدا ئاماژە بەناوی زیاد لە 100 سیاسەتمەدار كراوە كە پیاوی دەوڵەتیان لەنێودایە.
news_share_descriptionsubscription_contact

