Rewa Mahmut Hasan,Mazın Asad
15 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 16 حوزەیران 2017
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر رووسیا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە هەڵمەتێکی نالۆژیکیە و گوتی "ئەم سزایانە ئاماژەیە بۆ پێکدادانەی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا".
پوتین لەمیانی بەشداری کردنی لە پرۆگرامی" هێڵی راست"دا لە مۆسکۆی پایتەخت وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە لەلایەن هاووڵاتی وڵاتەکەیەوە ئاراستەی کرابوون.
پوتین لەبارەی ئەو پرۆژەیاسا پێشنیارکراوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ سزادانی رووسیا، دوا و گوتی "رووسیا بەدرێژایی مێژوو کەوتووەتە ژێرباری سزاوە، ئەو سزایانەی ئێستاش بەمەبەستی بەدەست هێنانی قازانج لە رکابەرایەتی رووسیادا بەکاردێت. ئەو هەڵمەتەی ئێستاش نالۆژیکیە، ئاماژەیەکە بە کێشمەکێشمی سیاسەتی ناوخۆی ئەمریکا".
پوتین ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی سزاکانەوە، بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار و ئاشکرای کرد کە رووسیا بەهۆی سزاکانەوە تەنیا لەسەدا ١ی گەشەی ئابووری لەدەست داوە، لەدەستچونی ماددیش بڕی ٥٠ ملیار دۆلارە. بەڵام زیانی ئەو وڵاتانەی سزایان سەپاندووە ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەراندووە.
لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیدا پوتین ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکانی ئابووری رووسیا دا و رایگەیاند کە لەمەودوا ئابووری رووسیا چووەتە سەر رێچکەی گەشەکردنی ئابووری "موتەوازع"و لەمانگەکانی کانوونی دووەەم -نیسان بەرێژەی لەسەدا ٠.٧ گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە هەرچەندە هەندێک کێشە هێشتا بەردەوامی هەیە و گوتی "دەبێت ریفۆرمی دیکە بکەین لەبواری ئابووری و هەلی کار و دەستی کار برەخسێنین و داهاتی تاک بەرزبکەینەوە".
پوتین ئاماژەی بەوەش دا کە لەم ساڵانەی دواییدا ئابووری رووسیا لە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و رێژەی ھەژاری لە وڵات زیادی کردووە و راشیگەیاند دینامیکی ئەرێنی ئابووری رووسیا لەگەڵ کەرتەکانی کۆمەڵایەتی یەکدەخرێن.
-"ئامادەین مافی پەنابەریەتی سیاسی بە بەڕێوەبەری پێشووی FBI کۆمی بدەین"
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندییەکانی رووسیا و ئەمریکا، پوتین رایگەیاند وەک دوژمن ناڕواننە ئەمریکا و ئامادەباشی وڵاتەکەشی بۆ ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە زۆربەی بوارەکاندا لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی.
لەبارەی وەرگرتنی گوتە لە بەڕێوەبەری پێشووی FBI جەیمس کۆمی لە کۆنگرێسی ئەمریکا، پوتین رایگەیاند ھیچ بەڵگەیەک نییە کە کۆمی رووسیا بە ھێرشی سایبەر تۆمەتبار بکات.
پوتین جەختی لەوەش کردەوە کە کۆمی نەک وەک بەڕێوەبەری ھەواڵگری، بەڵکو وەک چالاکوانێک کە بەرگری لە بۆچوونی دەکات، مامەڵەی کردووە و زیاتر گوتیشی: "ئەگەر بەھۆی گوتەکانییەوە لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە بکرێتەوە، ئەوا ئامادەین مافی پەنابەرێتی سیاسی پێ بدەین".
-"ئەو ئەزموونانەی سوپای رووسیا لە شەڕ لە سووریا بەدەستی ھێنا، زۆر گرنگە"
سەرۆکی رووسیا راشیگەیاند لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریادا، رووسیا چەکی نەوەی نوێی تاقیکردووەتەوە و سوپاش ئەزموونی گرنگی بەدەستھێناوە.
پوتین باسی لەوەش کرد کە چەکە نوێیەکانی بەرگری پیشەسازی سەربازیی، لە ھەڵومەرجی شەڕ لە سووریا تاقیکراوەتەوە و بە روونی چەکەکانیان شی کردووەتەوە و گوتیشی: "ئەو ئەزموونانەی سوپای رووسیا لە شەڕ لە سووریا بەدەستی ھێنا، زۆر گرنگە. بەو ھۆیەوە بۆ یەکەمجار ھەندێک یەکینە بەکارھێنرا کە نوێ دامەزرابوو".
روونیشی کردەوە کە ناوچەی ئارکتیک لە رووی ئابووری و سەربازییەوە گرنگییەکی ستراتیژیی زۆری بۆ رووسیا ھەیە و راشیگەیاند لە پێناو پاراستنی بەرژوەندییەکانیان لە ناوچەکە، لە گرتنی رێوشوێنی پێویست بەردەوام دەبن.