سلێمانی
دوێنێ ھەینی (١١ی تشرینی یەکەم) سایتی نیمچە رەسمی (فارس نیوز)ی ئێران بڵاویکردەوە، لەپارێزگای کوردستان - سنە، پێنج سەربازی سوپای پاسداران لەڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم بەدەستی چەکدارانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستانPJAK کوژراون و دوو سەربازی دیکە بریندار کراون.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، ھێشتا راستی ئەو ھەواڵەی نەسەلماندووە.
ئاروین ئەحمەدی پوور، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی پژاک ئەمڕۆ شەممە (١٢ی تشرینی یەکەم) لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو AA گوتی " ھەواڵی شەڕو تێھەڵچوونی نزیک بانەو کوژرانی پێنج سەربازی ئێرانیمان پێگەیشتووە، بەڵام نەمانتوانیوە پەیوەندیی لەگەڵ ھەڤاڵانی خۆمان لەو ناوچەیە ببەستین و لەڕاستی ھەواڵەکە دڵنیابینەوە".
ئەحمەدی پوور ھەروەھا گوتی" تائەو کاتەی پەیوەندیی لەگەڵ ھەڤاڵانمان لەناوخۆی رۆژھەڵاتی کوردستان دەبەستین ناتوانین ئەوە پشت ڕاستبکەینەوە کەچەکدارانی ئێمە ئەنجامدەری ھێرشەکە بوون یان نا، ئێستا لەھەوڵداین بەزوویی ئەو پەیوەندییە ئەنجام بدەین".
زیاد لەدوو ساڵە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، یەکلایەنە ئاگربەستی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران راگەیاندووەو تا رووداوەکەی رۆژی پێنجشەممە، ھیچ شەڕو تێھەڵچوونێک لەنێوان ئەوان و سوپای پاسدارانی ئێران نەھاتووەتە ئاراوە.
ساڵی ٢٠١٠ کۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانووی چەکدارانی پژاک لەکوێستانەکانی قەندیل و شاخی سورێن لەپارێزگای سلێمانی، بەچڕی تۆپبارانی ئەو ناوچانەی کردو زیانی زۆری گەیاند بەسروشت و ژینگەی ناوچەکە.
پژاک حیزبێکی چەکداری نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، حیزبەکانی دیکەی کوردستانی ئێران وەکو حیزبێکی سەربەخۆ دانی پێدا نانێن و بەبە شێک لە PKKی حیساب دەکەن.
چالاکییە چەکدارەکانی ئەو حیزبە زیاتر لەھەر دوو پارێزگای کرماشان لەباکووری رۆژئاوای ئێران و پارێزگای ئازەربایجانی غەربیە لەڕۆژئاوای ئێران.
ڕۆژی ٥/٩/٢٠١١ پژاک بەڕەسمی ئاگربەستی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاگەیاندووە.
ئاروین ئەحمەدی پوور، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی پژاک لەوبارەیەوە گوتی "ھەوڵمانداوە ئەو ئاگربەستە بپارێزین و ھێرشمان نەکردووەتە سەر ھێزەکانی ئێران، تەنیا لەحاڵەتی بەرگرییدا بوین، بەڵام لەکاتی ھێرشکردنە سەرمان بەرگریی لەخۆمان کردووەو ھێرشبەر نەبووین تا ئێستا".