Ali Cura
09 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
مینسک – AA
چاوەڕوانی کۆچبەرانی سەر سنووری بیلاڕووسیا-پۆڵەندا کە بە مەبەستی دەربازبوون لە بیلاڕووسیاوە بۆ پۆڵەندا و لەوێوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا لەوێن، بەردەوامە.
کۆچبەران کە زۆربەیان عێراقین، دوێنێ دوای تێپەراندنی خاڵی سنووریی بروزگی لە شاری گرۆدنۆ لە بیلاڕووسیا، گەیشتنە سنووری پۆڵەندا و شەویان لەوێ بەسەر برد.
نزیکەی دوو ھەزار کۆچبەر کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیش لەنێویاندابوو لە دارستانەکانی سەرسنوور و لە پێش تەلبەندەکاندا لەناو خیوەت مانەوە.
کۆچبەران کە شەویان بە سووتاندنی دار و چيلكەكانى ناو دارستانەکانی ناوچەکە کە پلەکانی گەرما لە شەوان بۆ ژێر پلە سفر دادەبەزێت بەسەر برد، کێشەی ئاو و خۆراکیان ھەیە.
ھاوکات بەدرێژایی شەو لەبەری ئەو دیوی سنوورەکەدا، ھێزە ئەمنییەکانی پۆڵەندا رێکاری ئەمنیی توندیان گرتەبەر و ئێشکیان دەگرت، ماوە ماوە ئاگاداری کۆچبەرەکانیان دەکردەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
- کێشەی کەمی ئاو و خۆراک بوونی ھەیە
لەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن لیژنەی سنووری دەوڵەتی بیلاڕووسیاوە دەرکراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە کۆچبەران کەمپیان لەسەر سنوور درووست کردووە و لەئێستادا چالاکی ھێرشکردن و پەلاماردانیان ئەنجام نەداوە.
راگەیەندراوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە دۆخی تەندروستی و مۆراڵی کۆچبەران زۆر خراپە و ئاو و خۆراکی پێویست لە کەمپەکەدا نییە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری ناوخۆی بیلاڕووسیا، ئیڤان کوبراکۆڤ ئەوەی راگەیاند کە کۆچبەرە نایاساییەکانی سنووری بیلاڕووسیا بەشێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەدان و ھیچ یاسایەکیان پێشێل نەکردووە.
ئیڤان کوبراکۆڤ گوتى: "هيچ ياسا پێشێلكردنێك لەلايەن كۆچبەرانەوە تۆمار نەكراوە".