Ramal Mahmood
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
بەرپرسێکی هێزی دەریایی چین ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە دوێنێ بەهۆی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی دەستیان بەسەر کەشتیەکی بێکەشتیوانی ئەمریکی لە دەریای باشووری چیندا گرتووە.
گەورە بەرپرسێک بەناوی هێزی دەریایی سوپای چین کە نەیوستووە ناوی خۆی ئاشکرا بکات، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی گڵۆباڵ تایمز کە ئۆرگانی پارتی کۆمەنیستی چینە رایگەیاندووە کە هێزەکانیان زانیویانە کەشتیەکی بێکەشتیوان کە ناسنامەکەی نەناسراوە لەو ناوچەیەیە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم کەشتییە.
گەورە بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا داوای لە چین کردووە کەشتییەکە رادەست بکاتەوە و لەبارەی ئەمەیشەوە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵات لە پەیوەندیدان و لەو باوەڕەشدایە ئەم بابەتە بەبێ کێشە چارەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، جێف داڤیس رایگەیاندبوو، لەلایەن هێزی دەریایی چینەوە لە ژێر ئاوەکانی دەریای باشووری ئەو وڵاتە دەستگیراوە بەسەر کەشتی بێکەشتیوانی زانیاریی کۆکەرەوەی ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشدابوو کە ئەمریکا بە فەرمی ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەم رووداوەدا، تیشکیشی خستبوە سەر ئەوەی کە داوایان کردووە ئەم کەشتییە بێکەشیتیوانەیان رادەست بکرێتەوە.
ئیدارەی پەکین دەیەوێت لە رێگەی دروستکردنی دوورگەی دەستکرد و بنکەی ئاسمانی و بونیاتنانی دامەزراوەی مەدەنی لەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانی دەریای باشووری چین پێگەی خۆی بەهێزتر بکات، ئەم دەریایە کە لەرووی سەرچاوەکانی ژێر زەوییەوە دەوڵەمەندە ئاماژە بەوە دەکرێت کە چین دەیەوێت هێز و پێگە ی خۆی بەسەر وڵاتانی فلیپین، ڤێتنام، میانمار و مالیزیادا بسەپێنێت کە هاوسێی چینن.
ئیدارەی پەکین سەرقاڵی بونیاتنانی بنکەیە لەسەر دوورگەکانی دەریای باشووری چین و بەپاساوی سەروەری وڵات دژی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دەوەستێتەوە.