Ömer Tuğrul Çam
06 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2023
بڕۆکسل - AA
سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ، روخانی بەنداوی کاخۆڤکای ئۆکراینای بە نیشاندەری "دڕندایەتی رووسیا' ناوبرد.
دەربارەی روخانی بەنداوی کاخۆڤکا، ستۆڵتنبێرگ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە رووخانی بەنداوەکە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دروستکردووە و لە هەمانکاتدا زیانێکی زۆری بە ژینگە گەیاندووە.
سکرتێری گشتی ناتۆ، نوسیوویەتی: "ئەمە کارێکی بێبەزەییانەیە کە ئاستی دڕندایەتی رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا نیشان دەدات".
وێستگەی هایدرۆئەلیکتریکی کاخۆڤکا لە ناوچەی خێرسۆنی ئۆکراینا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە، بەهۆی بۆردوومانەوە رووخا. بەرپرسانی ئۆکرایناش باس لەوە دەکەن کە ئەو ناوچەیە مەترسی لافاوی لەسەرە و سوپای رووسیا بە بەرپرسیار لە بۆردوومانکردنی بەنداوەکە تۆمەتبار دەکەن.