Muhammet Ali Kemal
15 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2017
پەکین - AA
حکوومەتی پەکین لە وەڵامی پەیامەکەی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە رایگەیاندبوو ''دەتوانێت سیاسەتی یەک چین بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی سەودا و مامەڵە'' رایگەیاند ''لە جیهاندا تەنها یەک چین هەیە''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لو کانگ لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا کە لەسەر ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتەکە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە ''لە جیهاندا تەنها یەک چین هەیە. تایوانیش بەشێکی دانەبڕاوە لە چین''. جەختی لەوەشکردووەتەوە کە حکوومەتی وڵاتەکەی ''تاکە حکوومەتی شەرعییە کە نوێنەرایەتی گەلی چین دەکات و ئەوەش راستییەکە کە ناگۆڕدرێت''.
لو کانگ باسی لەوەکردووە ''سیاسەتی یەک چین، بناغەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان چین و ئەمریکایە'' و پێویستە ئیدارەی واشنتۆن ''بەباشی لەمە تێبگات و خۆی بەدوور بگرێت لەوەی ئەو بابەتە بکاتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە جێگیر و تەندروستەکانی نێوان هەردوولادا''.
کانگ بەپێویستی زانیوە کە هەریەک لە کۆماریی و دیموکراتەکان ''پابەندی بەڵێنە هاوبەشەکانیان بن'' و 'ناکرێت سیاسەتی یەک چین ببێتە بابەتی دانوستاندن''.