Sangar Hamad Azeez,Sarmand Hameed
24 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2016
لەندەن
دوای راگەیاندنی ئەنجامی نەخێر بۆ یەکێتی ئەورووپا و خواستی بریتانیا بۆ دەرچوون لەیەکێتی ئەورووپا، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دێڤید کامیرۆن رایگەیاند کە خوازیارە لە کۆنگرەی داهاتووی پارتەکەی لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت.
کامیرۆن لەبەردەم ئۆفیسی سەرۆکایەتی وەزیراندا رایگەیاند کە گەلی بریتانیا زۆر بەڕوونی بریاری خۆیدا بۆ دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا، دەبێت رێز لەو بریارە بگیرێت.
کامیرۆن ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لە راپرسیدا کەمپینی مانەوەی وڵاتەکەی لە یەکێتی ئەورووپادا بەڕێوەبردووە، بەڵام گەلی بریتانی رێگەیەکی جیاوازیان هەڵبژاردووە، هەربۆیە ئەو وڵاتە پێویستی بە سەرکردایەتیەکی تری نوێ هەیە.
کامیرۆن ئاماژەی بەوەشدا لەو مانگانەدا ئەوەی لە توانایدا دەبێت دەیکات بۆ پاراستنی سەقامگیری بریتانیاو گوتی: " بەڵام بەراستی نابینم کە وەک کاپتنێک بەردەوام بم لە ئاراستەکردنی کەشتی وڵاتەکەم بەرەو داهاتوو، هەر بۆیە پێویست بە سەرکردایەتیەکی نوێ دەکات .ئەمڕۆ ناکرێت رۆژەکە دیاری بکەین، بەڵام بەرای من دەبێت ئامانجمان ئەوە بێت کە لەکۆنگرەی تشرینی یەکەمی پارتەکەدا، سەرۆکوەزیرانێکی تر دیاری بکرێت.
لە راپرسییەکەی رۆژی رابردووی بریتانیادا ،بە رێژەی ٥٢ لەسەدا بە دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا و ٤٨ لەسەدا بە مانەوە لە یەکێتیەکەدا دەنگیان دا.