Mehmet Tosun
14 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە – AA
کتێبی Türkiye as a Stabilizing Power in an Age of Turmoil "تورکیا: هێزی هێنانەدی سەقامگیریی لە سەردەمی پشێوی نێودەوڵەتییدا" کە لەلایەن سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، فەخرەددین ئاڵتونەوە نووسراوە لە دوای ئەمریکا و بەریتانیا لە ئازەربایجانیش بڵاو کرایەوە.
فەخرەددین ئاڵتون بەبۆنەی ناساندنی کتێبەکەیەوە لەلایەن سەنتەری توێژینەوەی بۆنەکانی بەینەلخەڵکی ئازەربایجان لە باکۆ، پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ رێوڕەسمەکە رەوانە کرد.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا سوپاسی تەواوی ئەو کەسانەی کرد کە رۆڵیان هەبووە لەوەی وەرگێڕنە سەر تورکی ئازەربایجانی و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تورکیا لە ٢٠ ساڵی دواییدا بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تەواوی بوارە جیاوازەکاندا هەنگاوی وای ناوە کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە و گوتی: "لە کاتێکدا ئەو بازنانەی وەسایەتمان شکاندوون کە ویستووە لە ملی گەل تەوق بکرێن، سیاسەتێکمان گرتووەتە بەر کە بە یەک چاو و بێ جیاکاری بۆ تەواوی هاووڵاتییانی تورکیا دەڕوانێت و لە رێگای تەواوی ئەم هەنگاوانەوە بووینەتە هۆی ئەوەی وزە و کاتی گەلە رەسەنەکەمان بە بابەتی گرنگەوە سەرقاڵ بێت".
فەخرەددین ئاڵتون بە ئاماژەدان بەوەی کە لە میانی تەواوی ئەو پێشهاتە گرنگانەدا تورکیا بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆی سیاسەتێکی تەواو سەربەخۆی دەرەکی گرتووەتە بەر و بەمەیش بووەتەوە بە کاراکتەرێکی گرنگ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و گوتی: "کتێبی ' تورکیا: هێزی هێنانەدی سەقامگیری لە سەردەمی پشێوی نێودەوڵەتییدا'م بۆ ئەوە نووسیووە تاکوو شیکارییەکی راست پێشکەش بەوانە بکەم کە دەیانەوێت لە تورکیا تێ بگەن و دیدگای تورکیا لەبارەی داهاتووی سیستەمی نێودەوڵەتی بخرێتە روو. لە کتێبەکەدا رۆڵی دامەزرێنەرانەی تورکیا بۆ هێنانەدی سەقامگیری خراوەتە بەر باس لە سەردەمێکدا کە سیستەمی جیهانی لە جۆرێک لە پشێویدایە".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەیش دا کە تورکیا وەک هێزێکی گرنگ لە ناوچەکە لە کێشە و قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا یان لە پێگەی ناوەندیدایە یاخود رۆڵی گرنگ دەگێڕێت بۆ هێنانەدی ئاشتیی و سەقامگیریی.
لەم کتێبەدا کە بڕیارە مانگی داهاتوو بە زمانی تورکی لە تورکیا بڵاوبکرێتەوە، بنەماکانی دیدگای سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ سیاسەتی دەرەکی خراوەتە روو.