Zahir Sofuoğlu
14 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2022
ئەنقەرە ــ AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، ئەو ھەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بەم ساڵانەی دواییدا تورکیا خستوویەتێ گەڕ، جێگای خۆشحاڵی و رێزی ھەموو لایەکە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پەیامنێرانی دیپلۆماسیی کە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێوەچوو، باسی لەو سەرکەوتنە گرنگانەی کە تورکیا بەم دواییانە لەسەر ئاستی دیپلۆماسییدا بەدەستی ھێناوە کرد، ھەروەھا رۆڵی تورکیای لە رێککەوتننامەی ئیستانبوڵدا تایبەت بە ھەناردەکردنی دانەوێلەی ئۆکراینا بۆ بازاڕەکانی جیھان روون کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەو لایەنانەی کە ماوەیەک بەرلە ئێستا، رەخنەیان لە سیاسیەتی دەرەوەی گرتووە، ئێستا رۆڵی تورکیا بەرز دەنرخێنن لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە قەیرانەکانی وڵاتانی ناوچەکە.
مەولود چاوشئۆغڵو لە درێژەی قسەکانییدا گوتی: "ئەو لایەنانەی کە رەخنەیان لە بوونی تورکیا لە لیببا گرتووە، ئەمڕۆ ئەو رۆڵە کارایەی کە تورکیا لە لیبیا دەیگێرێت بەرز دەنرخێنن ئێستا دەڵێن، تورکیا دەستەبەریی ئاسایش و سەقامگیرییە لەو وڵاتە".
جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتیی بەردەوام گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و تورکیاش بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، سیاسیەتی دەرەوەی خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریی بارودۆخەکەدا دەگونجێنێت و گوتی: "ئەو ھەوڵە دیپلۆماسییانەی کە بەم ساڵانەی دواییدا تورکیا خستوویەتێ گەڕ، جێگای خۆشحاڵی و رێزی ھەموو لایەکە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەیشدا کە تورکیا ھەوڵدەدات پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی لیبیادا ھەبێت و ئاماژەی بەوەیشدا کە بۆ ئەم مەبەستەیش شاندێکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی تەرابلوسی پایتەخت و رۆژھەڵاتی لیبیا دەکات.
مەولود چاوشئۆغڵو بەشێکی قسەکانی بۆ جەنگی رووسیا- ئۆکراینا تەرخان کرد و رایگەیاند، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، سەلماندی کە تورکیا کلیلی رێگای ئاشتییە لە ناوچەکە.
ھەروەھا تیشکی خستەسەر ئەوەی، تورکیا تاکە وڵاتە کە دەتوانێت پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و پێکھاتەکان لە بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینادا ھەبێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەشێکی دیکەی قسەکانییدا، باسی لە ململانێی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد و گوتی: "ئەگەر ئەرمینیا دەوێت ئاشتیی و سەقامگیریی لە ناوچەکە بەردەوام بێت، ئەوا پێویستە واز لە کارە ئیستیفزازییەکانی بھێنێت".
مەولود چاوشئۆغڵو روونیشی کردەوە، ئەو شەڕ و پێکدادانانەی کە بەم دواییە لەنێوان ھێزەکانی ھەردوو وڵاتدا روویدا، خراپی رەوشەکە لە ناوچەکەدا، بۆ ھەمووان پشتڕاست دەکاتەوە.