Tayfun Salcı
03 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2019
له‌نده‌ن - AA
له كاتێكدا له 70ـه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی رێكخراوی پەیمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (NATO)دا سه‌ركرده‌كانی رێكخراوه‌كه خۆیان ئاماده ده‌كه‌ن بۆ كۆبوونه‌وه له له‌نده‌ن، لێكدانه‌وه له‌باره‌ی لێدوانێكی سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن كه كه رێكخراوه‌كه‌ی به "مێشكی مردوو" ناوزه‌ند كردبوو، ده‌بێته رۆژه‌ڤی لووتكه‌كه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ئاستی فه‌رمیدا له‌نده‌ن وه‌ك شوێنی لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی ناتۆ باس ده‌كرێت، به‌ڵام حكوومه‌تی به‌ریتانیا شوێنێكی هه‌ڵبژاردووه بۆ كۆبوونه‌وه‌كه كه كاتژمێرێك له پایته‌خته‌وه دووره.
ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و شوێنه له لایه‌ن به‌ریتانیاوه به‌هۆی كاریگه‌ری ئه‌و خۆپیشاندانه گه‌وره‌یه‌وه بوو كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ له‌میانی سه‌ردانه‌كانیدا بۆ ئه‌و وڵاته رووبه‌ڕووی بووه‌وه.
هه‌رچه‌نده لووتكه‌كه له هۆتێلێكی لوكس و دوور له گردبوونه‌وه‌ی خۆپیشانده‌ران به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌و مشتومڕه كاریگه‌رانه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت رووبدات به خێرایی به هه‌موو جیهاندا بڵاوده‌بێته‌وه.
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ل گۆڤاری İngiliz The Economistی به‌ریتانی، ناتۆی به په‌یمانێكی "مێشك مردوو" له قه‌ڵه‌مدا كه واده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و گوته‌یه ببێت به سه‌رچاوه‌ی گرژیه‌كی دیار له لووتكه‌كه‌دا.
هاوكات هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی جۆناسان ئیال، پسپۆر له ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی بەریتانی له په‌یمانگای هێزه چه‌كداره‌كانی شاهانه (RUSI) سه‌باره‌ت به لێدوانه‌كه‌ی ماكرۆن بووه‌ته جێی سه‌رنج كه كاردانه‌وه‌ی توندی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان-یشی لێكهوتهوه.
له شیكاریهكیدا له دووتوێی وتارێکدا كه بۆ (RUSI)ی نووسیوه، جۆناسان ئیال باس له‌وه ده‌كات كه لێكدانه‌وه‌كه‌ی ماكرۆن ده‌رچه‌یه‌كی گونجاوه له‌گه‌ڵ تۆماری سیاسه‌تمه‌داری فه‌ڕه‌نسی "سه‌ره‌تا قسه بكه پاشان بیربكه‌ره‌وه" و گوتیشی: "راستییه تاڵه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌موو دیمانه‌كه‌ی بخوێنیته‌وه، به‌رگریكردن له گوته‌كانی ماكرۆن بێ تواناییه".
- نموونه‌ی سووریا
له شیكاریه‌كه‌دا جۆناسان ئیال ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه "به دڵنیایییه‌وه كاك ماكرۆن لانیكه‌م ده‌یه‌وێت په‌یامی ئه‌وه بدات و بڵێت ناتۆ بووه‌ته رابردوو و چه‌نده ئاماده‌بین بۆ پرسه‌ی په‌یمانه‌كه ئه‌وه‌نده باش ده‌بێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی سیاسه‌تمه‌داره فه‌ڕه‌نسیه راگرتنی كردنه‌وه‌ی رێگه‌یه له‌به‌رده‌م مشتومڕی له‌باره‌ی به‌رگری له ئه‌ورووپادا به‌و شێوه‌یه، بگره زیاتریش چه‌قبه‌ستووی كردووه.
جۆناسان ئیال باسی له‌وه كردووە، نموونه‌ی سووریا كه ماكرۆن وه‌ك به‌ڵگه بۆ بانگه‌شه‌كه‌ی نیشانی داوه ره‌وا نییه و گوتی: "(سووریا) نموونه‌یه‌كی كلاسیكیه كه ئه‌ورووپییه‌كان ئاره‌زوومه‌ندانه زۆر كه‌م شت بكه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مریكا نه‌خوازێت به خوێن و پاره‌ی خۆی كاری پێویست بكات بۆ هێنانه‌دی ئاره‌زووی ئه‌ورووپا. مشتومڕی هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی ئه‌تڵه‌سی له‌سه‌ر سووریا نه نوێیه نه نائاساییه. نیشاندانی ئه‌وه وه‌ك كۆتایی ناتۆ، له‌وه زیاتر باوه‌ڕپێكراوتر نابێت كه شكستی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی قه‌یرانی په‌نابه‌ری ئه‌ورووپا به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو به‌نموونه‌ی "مردنی كلینیكی" نیشان بده‌یت".
- له رووی سه‌ربازییه‌وه به‌هێز و له رووی سیاسییه‌وه لاواز
سكرتێری گشتیی پێشووی ناتۆ، ئه‌ندرێس فۆگ راسموسن له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی The Times، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه لووتكه‌كه‌ی له‌نده‌ن دووگیانه به گرژییه‌كان.
ئه‌ندرێس فۆگ راسموسن سنوورداركردنی دانیشتنی فه‌رمی لووتكه‌كه كه چواری كانوونی یه‌كه‌م سازده‌كرێت به سێ كاتژمێر و ته‌رخانكردنی ته‌نها چوار خولهك بۆ هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌ك بۆ گوتاردان به ئه‌گه‌ری گرژی به‌سته‌وه و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له هه‌لومه‌رجی ئاسایی‌دا لووتكه‌كانی ناتۆ چه‌ند رۆژێك ده‌خایه‌نێت.
سكرتێری گشتیی پێشووی ناتۆ، ئه‌ندرێس فۆگ راسموسن ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه راگرتنی لووتكه‌كه‌ی له‌نده‌ن بۆ كه‌مترین ئاست لاوازی په‌یمانه‌كه نیشان ده‌دات و گوتی: "ناتۆ له جه‌نگی سارده‌وه تا ئێستا له رووی سه‌ربازییه‌وه به‌هێزترینه، به‌ڵام په‌یمانه‌كه له رووی سیاسییه‌وه لاوازتره".
- فاكته‌ری تره‌مپ
خاڵێكی دیكه‌ی گرژیی له لووتكه‌كه‌دا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یه كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ بیگرێته به‌ر. تره‌مپ پێش ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك بگرێته ده‌ست هه‌ڵوێستی نه‌رێنی خۆی له‌باره‌ی ناتۆ نه‌ده‌شارده‌وه. له دوایین لووتكه‌دا كه له بڕۆكسل به‌ڕێوه‌چوو گوشاری له هاوپه‌یمانه ئه‌ورووپییه‌كانی كرد خه‌رجی تێكڕای به‌رگری نیشتمانی له‌سه‌دا دوو زیاد بكه‌ن.
- لووتكه‌كه به پێشوازی شاژن ده‌ست پێ ده‌كات
لووتكه‌كه له له‌نده‌ن كه 70 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر میوانداری یه‌كه‌م باره‌گای ناتۆ بوو، ئه‌مڕۆ به به‌شداری سه‌ركرده‌ی 29 وڵاتی ئه‌ندام لە په‌یمانه‌كه به رێوڕسمی پێشوازی كه له لایه‌ن شاژنه ئه‌لیزابێسی دووه‌م له كۆشكی بێكینگهام سازده‌كرێت ده‌ست پێ ده‌كات. هه‌روه‌ها سه‌ركرده‌كان له میانی خوانی ئێواره به میوانداری سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسن له نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران كۆده‌بنه‌وه.
لووتكه‌كه سبه‌ی به دانیشتنی فه‌رمی له هۆتێلێكدا له ناوچه‌ی واتفۆرد خۆرئاوای له‌نده‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت.
له لووتكه‌كه‌دا له پاڵ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به یه‌كێتی و راوێژكردن دژبه هه‌موو تاقیكردنه‌وه و مه‌ترسییه‌كان به تیرۆریزمیشه‌وه به‌رامبه‌ر خاكی ناتۆ، بریاره جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی هه‌ماهه‌نگیی ئه‌ورووپا-ئه‌تڵه‌سی بكرێته‌وه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له كۆتایی لووتكه‌كه‌دا "به‌یاننامه‌ی له‌نده‌ن" په‌سه‌ند بكرێت.
بریاره له چوارچێوه‌ی لووتكه‌كه‌دا سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ ژمارەیەک سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت و حكوومه‌ته به‌شداربووه‌كانی لووتكه‌كه‌دا كۆببێته‌وه.