Dildar Baykan Atalay
29 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی ئەوەی ئاشکرا کرد کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە نزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانەکانی چین دەکات کە لەو وڵاتە دژبە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هاووڵاتییان رژاونەتە سەر شەقامەکان.
جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا لە کۆشکی سپی، باسی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جۆن کێربی لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی پەیامی خۆپیشاندانەکانی چین گوتی: "پەیامی ئاشتەواییمان لە هەموو جیهاندا بەهەمان شێوەیە و بریتییە لەوەی کە پێویستە مافی خۆپیشاندان بەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت ئەو سیاسەت یان یاسایانە ئیدانە بکەن کە کێشەیان بۆ دروست کردوون".
جۆن کێربی دەربارەی هەڵوێستی جۆ بایدن لەم بارەیەوە ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام هەواڵ و زانیاری نوێی لە بارەی خۆپیشاندانەکانەوە پێ دەگات و رایگەیاند: "بایدن لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکان دەکات و بەباشی ئاگاداری پێشهاتەکانە".
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیجییەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە لەئێستادا، خۆپیشاندانەکانی چین، کاریگەرییەکی راستەخۆیان لەسەر زنجیرەی پێویستییەکانی ئەمریکا دروست نەکردووە.