دائەگو
لە میانەی بەشداریکردنی لە ٢٢مین کۆنگرەی جیھانی وزە، وەزیری وزە و سەرچاوە سرۆشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز رایگەیاند: دەبێ داھاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داھاتوومان دابین بکەین.
تانەر یڵدز گوتی: "دەبێ ئامانجی یەکخستنی سەرمایەی جیھانی و سیاسەتی حکومەتەکان خزمەتکردن بە ژینگە بێ، تا بەمجۆرە بتوانین جیھانێکی خۆش و داھاتوویەکی گەش بۆ خۆمان و منداڵەکانمان دابین بکەین."
سەبارەت بە بەستنی ٢٣مین کۆنگرەی جیھانی وزەیش رایگەیاند: کۆنگرەی داھاتوو لە شاری ئیستەنبوڵ ساز دەکرێ و خۆشحاڵ دەبین بە پێشوازیکردنی نوێنەرانی کەرتی وزە لە تورکیا.
یڵدز گوتی، دەبێ سیاسەتی وزە و ئاسایشی پێشکەشکردنی وزە دابین بکرێن، دابەشکردنی وزە بە شێوەیەکی یەکسان زۆر گرنگە و دەبێ رەچاوی ژینگەیش بکرێ بەتایبەت ئەو وڵاتانەی رۆژ لە دوای رۆژ گەورەتر دەبن دەبێ زۆر ئاگایان لە ژینگە بێ.
ئاماژەی بەوەیشدا حکومەتەکان چەندە لە بواری وزە و بە تایبەتی لە کەرتی تایبەتدا پەیوەندی باش لەگەڵ ھاووڵاتییانی خۆیاندا ساز بکەن ھێندە سەرکەوتووتر دەبن، چونکە لە سەرانسەری جیھاندا دارایی کەرتی وزە لە لایەن ھاووڵاتییانەوە دابین دەکرێ.
تانەر یڵدز باسی بەھێزبوونی تورکیای لە بواری وزەدا کرد و رایگەیاند: تورکیا لە ١٠ ساڵی رابردوودا توانیویەتی لە بواری وزەدا رێژەی ٦ تا ٨% گەشە بکا، ئەو رێژەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە و تورکیا ساڵانە نزیکەی ھەشت ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری دەکات.
لەبارەی بەیەکسانی دابەشکردنی وزەیش یڵدز گوتی: "١.٤ ملیار کەس لە جیھاندا ھێشتا نازانن کارەبا چییە. بێجگە لە باشووری ئەفریقیا، ئەو خەڵکانەی لە باشوری ئەکوادۆر دادەنیشن ژمارەیان ٨٩٠ ملیۆن کەسە، کەچی بە ئەندازەی ١٩ ملیۆن و نیوی دانیشتوانی شاری نیویۆرک کارەبا بەکار ناھێنن، ئەمەیش نیشانەیەکی بەرچاوی نایەکسانییە لە بواری دابەشکردنی وزەدا."