ھەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران مەرزیە ئەفخەم رایگەیاند، وڵاتەکەی پێشوازیی تەواو لە ھەر ھەوڵێک دەکا کە یارمەتیی بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بدا.
ئاژانسی دەنگوباسی رەسمیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لێدوانەکەی بڵاو کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە داوە ئەم لێدوانەی مەرزیە ئەفخەم لە وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەشیر ئاتاڵای جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیادا بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "ئاراستەکردنی تۆمەتی بێبنەما ناتوانێ ئەو کێشانە چارەسەر بکا کە ریشەی ناوخۆییان ھەیە."
ھەروەھا دەڵێ "کۆماری ئیسلامی باوەڕی وایە بەرقەرابوونی ئاسایش لە تورکیا یارمەتیی بەرقەراریی ئاسایش لە ئێران و ناوچەکە دەدا."
ئەو بەرپرسەی ئێران لە بەشێکیتری لێدوانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکا کە جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا پێش لە ھەر بەرپرسێکیتری وڵاتەکەی ئەوە دەزانێ ھاوکاریی ئێران لە چوارچێوەی ھاوکاریی ئەمنیی نێوان ھەردوولادا، ھۆکارێکی گرنگ بووە بۆ کەمکردنەوەی کێشە ئەمنیەکانی ئەو وڵاتە و پیشاندەری ئەوەیە ئێران دەیەوێ پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا پەرە پێبدا.
ھەروەھا دەڵێ، بەداخەوە ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە ھەردوو وڵات لە ئامادەکاریدان بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەسەر ئاستی بەرز.