لە میانەی چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ لایەنەكانی فلیپین و لە وەڵامی چەند پرسیارێكی دەربارەی بارودۆخی سوریا و دانیشتنی ئەمریكا لەگەڵ بەرەی ئیسلامی سوریا كە بەم دواییە لەهەردوو شاری دیمەشق و حەلەب لەدژی هێزەكانی ئەسەد لەشەڕدایە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كیری دەڵێ تا ئەمڕۆ واشنتۆن هیچ دانیشتنێكی لەگەڵ بەرەوی ئیسلامی نەكردووە.
كیری رایگەیاند كە ئەحزەر ئەلئیبراهیمی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی لە سوریا بەمەبەستی رازیكردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە بەشێوەیەكی فراوان بەشداری كۆنفڕانسی جنێڤ ٢ بكا، لەگەڵ هەریەك لە وڵاتانی بەریتانیا، فڕەنسا و وڵاتانی ناوچەكە گفتوگۆی كردووە و ئاشكرایكرد كە گرووپە توندڕەوەكان بەشداری لەو كۆنفڕانسە ناكەن.
كیری دەڵێ بۆ ئەوەی كۆنفڕانسی جنێڤ2 لە كانوونی دووەمی داهاتوو ئەنجام بدرێ، لەهەوڵێكی چڕوپڕ دان. هەروەها دەڵێ لەو كاتەی گرووپە توندڕەوەكان هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە دەدەن كە لە ئەنجامی شەڕ دروستبوون، ژمارەی پەنابەران زیادی كردووە و بۆ چارەسەری ئەم مەسەلەیەش جگە لە ئەنجامدانی ئەو كۆنفڕانسە هیچ رێگایەكی چارەیەكی دیكەمان لەبەردەم نەماوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بە گرنگی ئەو كۆنفڕانسە كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی سوریا كە نزیكەی سێ ساڵە بەردەوامە و گوتی: "ئێمە لەو باوەڕەداین كە تەنیا ریگە چارە بۆ كێشەی سوریا هەیە ئەویش كۆنفڕانسی جنێڤ2 یە و بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ ناچارین رێگایەك بدۆزینەوە و ئەگەر لەبەردەم ئەو رێگایە ئاستەنگی گەورە هەبێ یان نا، پڵانێكی باشترمان نیە."