لوئەی سافی گوتەبێژی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: سوپای سوریا ھێرشەکانی چڕتر کردۆتەوە بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی مەدەنی، بۆیە ئۆپۆزسیۆن بەشدارییکردن لە کۆنفرانسی جنێڤ٢ بە نالۆژیکی دەزانێ.
سافی جەخت لەوە دەکاتەوە سەرۆکی سوریا، بۆ ئەو قەیرانە چارەسەری سەربازیی بەبنەما دەگرێ. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار نەخاتە سەر ئەسەد تا ھێرشەکانی بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و بۆمبارانکردنی قوتابخانەکان راگرێ، ئەوان بەشداریی لە جنێڤ٢ ناکەن.
گوتەبێژی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا گوتی:" ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەدژی ئەو ھێرشانە ھەر بێدەنگ بێ، کۆبوونەوەکە بڕیاری بەشداریی نەکردن لە جنێڤ٢ دەدا."
بەگوێرەی راگەیەنراوەی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە سوریا، سێ رۆژە لەسەر یەک فڕۆکەکانی سوپای سوریا بە ناپاڵم ھێرش دەکەنە سەر شاری حەلەب و زیاتر لە دوو سەد کەس لەو ھێرشانەدا کوژراون. ھەروەھا لە ئاکامی ھێرشی ھێزەکانی ئەسەد بۆ سەر قوتابخانەیەک لەو شارە ١٨ کەس کوژران کە زۆربەیان قوتابی، مامۆستا و کارمەندانی قوتابخانەکە بوون.