Ahmet Furkan Mercan
26 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2022
تۆکیۆ – AA
کەشتییەکانی چین بە درێژایی ماوەی سێ رۆژ لە دوورگە کێشە لەسەرەکانی "سەنکاکو" لە دەریای چینی رۆژهەڵات مانەوە.
بەپێی زانیارییەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی ناوچەی ١١ لە قەزای ناها سەربە پارێزگای ئۆکیناوا، دوو کەشتی ئاسایشی کەناراوەکانی چین سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن-یان بەزاندووە.
کەشتییەکان کاتژمێر ٠٩:٣٠ بە کاتی خۆجێی لە رێککەوتنی ٢٢ی کانوونی یەکەم چوونەتە ناو سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن و لە کەشتییەکانی راوەماسیی ژاپۆنییەکان لە دەوروبەری دوورگەی "تایشۆ" نزیک بوونەتەوە.
ئاماژە بەوەیش دراوە کە کەشتییەکان تاکوو نیوەڕۆی ٢٥ی کانوونی یەکەم لە ناوچەکە لە جموجۆڵدابوون و دەرکەوتووە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر و ٤٥ خولەک بەردەوام بوون لە پێشێلکارییەکە.
- دوورگە کێشە لەسەرەکان
دوورگە کێشە لەسەرەکان لە دەریای چینی رۆژهەڵات کە ژاپۆن بە "سەنکاکو" و چینیش بە "دیائۆیو" ناویان دەبات لە پێنج دوورگە و سێ بەردەڵان پێک هاتوون.
لە کاتێکدا کەس لەو زنجیرە دوورگانەدا ناژی، لەمێژە کێشە لەسەر سەروەرێتی ئەم دوورگانە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروست بووە.