Abduljabbar Aburas
10 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2022
ئیستانبوڵ-AA
وەزیری ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی ژاپۆن، کویشی هاگیودا ئاشکرای کرد وڵاتەکەی بڕیاریداوە بڕێک لە یەدەگی گازی خۆی هەناردەی ئەورووپا بکات، ئەمەش بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری کەمیی دابینکردنی بەهۆی قەیرانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.
ئەم گوتەیەی کویشی هاگیودا دوای کۆبوونەوەی هات لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە ژاپۆن، رام ئیمانوێل کە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو لە ئەرکەکەیدا دەستبەکاربوو.
هاگیودا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بڕیارەکە لەسەر داوای ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا دراوە بە مەبەستی یارمەتیدانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ زاڵبوون بەسەر مەترسییەکانی تایبەت بە پێداویستی گاز، بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەگەری هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە ژاپۆن، رام ئیمانوێل پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە یارمەتییەکانی ژاپۆن بۆ ئەورووپا نموونەیەکە لە کاری سەرۆک (ی ئەمریکا) جۆ بایدن و سەرۆکوەزیران (ی ژاپۆن)، فومیۆی کیشیدا کە لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکاندا کار دەکەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داگیرکاریی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
رووسیا سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە دوای ئەمریکا و سعوودیە و سەرچاوەی نزیکەی لەسەدا ٤٠ی گازی سرووشتیی بەکارهاتووە لە ئەورووپادا.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گاز و نەوت، هەر جووڵەیەکی رووسیا بۆ کەمکردنەوەی پێداویستی وزە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەورووپا دەبێت.
هاگیودا جەختی لەوەشکردەوە کە وڵاتەکەی دوای مسۆگەرکردنی پێویستییە ناوخۆییەکانی بۆ مانگی شوبات کە ساردترین مانگی ساڵە لە وڵاتەکە، ئامادەیە گازی سرووشتیی هەناردەی ئەورووپا بکات.
گوتیشی: "لەژێر رۆشنایی داواکاریی باڵیۆزی ئەمریکا لە ژاپۆن، و بە رەچاوکردنی کەمبوونەوەی گاز لە ئەورووپا، بڕیارمان داوە دوای مسۆگەرکردنی پێویستییە ناوخۆییەکانی وڵات، گاز بۆ ئەورووپا بنێرین".
هەرچەندە بڕی ئەو گازە سرووشتییە ئاشکرا نەکراوە کە بڕیارە هەناردەی ئەورووپا بکرێت، بەڵام هاگیودا جەختی لەوە کردووە کە بەرپرسانی حکوومی لەبارەی دانانی پلانێک لەمبارەیەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گازی ژاپۆن لە گفتوگۆدا دەبن.
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بەڵێنیان داوە کە لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە، سزای ئابووری و سیاسیی بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن، بەڵام نیگەرانن لەوەی رهنگه رووسیا بڕیار بدات لە ناوەڕاستی زستاندا پێداویستی گازی سرووشتیی بۆ ئەورووپا رابگرێت.