Tuğba Altun,Aynur Şeyma Asan,Lejla Biogradlija,Sercan İrkin
22 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2024
ئەنقەرە - AA
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لەو هەڵبژاردنەی ڕۆژی پێنجی تشرینی دووەم بەرێوەدەچێت کشایەوە و پشتیوانی بۆ جێگری سەرۆک، کامالا هاریس دەربڕی، هاریس لە پاڵ ئەوانەی پشتیوانی دەکەن کەسانێکیش بێدەنگن لە کاندید بوونی.
ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵوێستی کەسایەتییە دیارەکانی دیموکراتەکانی ئەمریکای لە پاش بڕیاری کشانەوەی بایدن و پشتیوانی کردنی هاریس بڵاوکردەوە.
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، بیل کلینتۆن هاوسەرەکەی هیلاری کلینتۆن لە ڕاگەیاندراوێکدا سوپاسی جۆ بایدنیان کرد کە لە سەردەمی سەرۆکایەتییدا سەرکەوتنی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە و، پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کامالا هاریس ڕاگەیاند.
وەزیری پێشووتری ئەمریکا، جۆن کێری لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە بایدن شایەنی ئەوەیە هەموو ئەمریکییەک سوپاسی بکات.

سیناتۆر ئەلیزابێس وارن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە بایدن لە ماوەی پێنج ساڵدا سەرکەوتنێکی زۆری تۆمار کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا شکستی بە ترەمپ هێنا و لە ٢٠٢٤دا بۆ دووبارە کردنەوەی ئەوە دەرفەتی پێدرا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، هالی ستیڤنس، لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس سوپاسی بایدنی کرد بۆ سەرکردایەتی و خزمەتکردنی گەلی ئەمریکا و، پشتیوانی بۆ کامالا هاریس دەربڕی.
نوێنەری ویلایەتی کالیفۆرنیا، مایک لڤین ئەویش لە هەژماری خۆی لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد کە هاریس ئەو کەسە دروستەیە توانای ڕێبەرایەتی کردنی وڵات و شکستپێهێنانی ترەمپی هەیە.
نوێنەری ویلایەتی دێلاوێر، لیسا بلێنت رۆچستەر لە ڕاگەیاندراوێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کەسێک یان سەرکردەیەک نییە لە هاریس باشتر بێت.
هەروەها نوێنەری ویلایەتی کالیفۆرنیا، سالود كارباخال ئاماژەی بەوە کرد کە هاریس وەک دەنگێکی گرنگ لە بەڕێوەبردندا خۆی سەلماندووە و، شانازیشی کرد بە پشتگیری کردنی تەواوی بۆ بوونە کاندیدی دیموکراتەکان.
سیناتۆری واشنتۆن، پاتی مورای باسی لەوە کرد ڕێز لە بایدن دەگرێت کە ویستوویەتی مەشغەڵ دەستاودەست پێ بکات و، سەدا سەد پشتیوانی خۆیشی بۆ هاریس ڕاگەیاند.
نوێنەری ویلایەتی مینیسۆتا، ئیلهان عومەر سوپاسی بایدنی کرد و، باسی لەوە کرد کە بەجۆشوخرۆشەوە پشتیوانی لە هاریس دەکات وەک کاندیدی دیموکراتەکان و کارکردن لەگەڵیدا بۆ ئەوەی لە تشرینی دووەمدا شکست بە ترەمپ بهێنێت.
بێتی کۆتۆن، کە ساڵانێکە لە نیویۆرکەوە سەدان هەزار دۆلاری دەبەخشێت بە کاندیدانی دیموکراتەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە بایدن بڕیارێکی بوێرانەی داوە و، هاریسیش نایاب دەبێت.
ڕێکخراوی نوێخوازی موڤئۆن کە دەیان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کردووە بۆ پشتیوانی کردنی بایدن، بڵاویکردەوە پشتیوانی لە هاریس دەکات.
دامەزرێنەری دامەزراوەی سەرکەوتنی AAPI، شێکار ناراسیمهان کە ملیۆنان دۆلاری بەخشیوە بە کاندیدانی دیموکراتەکان و کەمپینی هەڵبژاردنی بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە بە شانازییەوە پشتیوانی لە هاریس دەکات.
هاوکات هەر یەک لە فراکسیۆنی ئیسپانی لە کۆنگرێس، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، تێد لیو و نوێنەری فراکسیۆنی نوێخواز لە کۆنگرێس، پرامیلا جایاپال و فراکسیۆنی ڕەش پێست لە کۆنگرێس و هاوسەرۆکی کەمپینی بایدن، جیم کلیبێرن و سیناتۆری ویلایەتی دێلاوێر، کریس کوونس و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، جارید هوفمان و ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، هیلاری سکۆڵتن و نوێنەری ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڕۆبێرت گارسیا و نوێنەری ویلایەتی میشیگان، دێبی دینگێل و ژمارەیەک لە بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا لە نێو ئەوانەدان کە پشتیوانیان لە هاریس کرد.
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ڕاگەیاندراوێکدا بایدنی بە یەکێک لە گرنگترین سەرۆکەکانی مێژووی ئەمریکا ناوزەند کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە لەم هەڵبژاردنەشدا دەرکی بە مەترسییەکان کرد، بەڵام ئۆباما بە ئاشکرا پشتیوانی لە کاندیدبوونی هاریس نەکرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بلاویکردەوە کە مایەی شانازیە ٢٢ ساڵە لەگەڵ بایدن کار دەکات و ، ئارەزووی خۆی نیشاندا بۆ کار کردن لەگەڵدا بە درێژایی شەش مانگی داهاتوو.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پشێووی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکێک بوو لەوانەی بێدەنگ بوو لەسەر پشتیوانی کردنی هاریس.
حاکمی میشیگان، گریچن وایتمێر لە هەژماری ئێکس ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی ڕێگرییە لە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ، ئەویش بێدەنگ بوو لە پشتیوانی کردنی هاریس.
سەرکردەی زۆرینە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، چاک شومەر کارو چالاکییەکانی بایدنی لە ماوەی سەرۆکایەتییدا بەرز نرخاند و بڕیارەکەشی بە سەخت ناوبرد، بەڵام ئەمیش هیچی نەگوت لەبارەی پشتیوانی کردنی هاریس.
سەرکردەی کەمینەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، هاکیم جێفریس لە هەژماری ئێکس بایدنی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین سەرۆکەکانی مێژووی ئەمریکا ناوزەند کرد و، ڕایگەیاند: ''لە سایەی سەرکردایەتی بایدن ئەمڕۆ ئەمریکا لە پێگەیەکی باشتردایە، زۆر سوپاسگوزارین''.
سیناتۆری پارتی دیموکراتەکان، کۆری بووکەر لە هەژماری خۆی لە ئێکس ستایشی کار و چالاکییەکانی بایدنی کرد لە ماوەی سەرۆکایەتییدا، بەڵام هیچی لەسەر هاریس نەگوت.