Zana Natık Kerem
05 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە سەردانەکەی رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق و رایگەیاند: "سوپاس کە داواتنامەکەت قبوڵکردین و سەردانی عێراقت کرد کە سەردانێکی مێژووییە".
بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە میانی پێشوازیکردنی لە پاپا فرەنسیس گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگهیاند: "سەردانەکەی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق، لە کاتێکدایە جیھان بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە رەوشێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت و وڵاتەکەشمان لە رەوشێکی سەختدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوهشدا، ئەم سەردانە بە لای عێراقییەکانەوە، سەردانێکی گرنگە".
گوتیشی: "بەھۆی توندوتیژییەوە گەلی عێراق قوربانیی زۆری داوە، جگە لەوەیش عێراقییەکان شانازیی بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێکھاتەکان دەکەن".
ههروهها سهركۆماری عێراق جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە عێراقییەکان شانازی بەوە دەکەن کە پارێزگاری کڵێساکان دەکەن و ئاماژەی بەوەیشدا کە دوای ئەو ھێرشە تیرۆریستییەی کە لە ساڵانی رابردوودا، کرایە سەر کڵێسای سەیدە نەجات لە ناوەڕاستی بەغدا، گەنجانی موسڵمان بوونە ھاوشانی برایانیان لە گەنجانی كریستیان.
بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە بەشێکی قسەکانییدا لەبەردەم رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس، یادی دانانەوەی خاچی یەکێک لە کڵێساکانی مووسڵ لە شوێنەکەی خۆیدا لە لایەن سەربازانی عێراقەوە، وەبیرھێنایەوە و رایگهیاند:
"بەداخەوە لە جیھانی ئەمڕۆماندا، بەشێکی زۆری ناوچەکە بەتایبەتیش رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەھۆی تیرۆر و ھاندان بۆ توندوتیژیی و رق، قبوڵکردنی رای یەکتر پەراێزخراوە".
راشیگەیاند: "پێویستە ھەوڵەکان بەردەوامبن لە پاڵپشتیکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بیری توندئاژۆیی".
سهركۆماری عێراق گوتیشی:"ساڵانێکی زۆرە، عێراقییەکان بوونەتە قوربانی جەنگی و سیاسەتی سەرکوتکاری کە لە مێژوودا هاوشێوهی نهبووه و لە میانیدا دەیان ھەزار عێراقیی کوژراون و چارەنووسشیان نادیارە".
بەرھەم ئەحمەد ساڵح ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە رژێمی دیکتاتۆری پێشووتری عێراق، چەکی کیمیایی بەرامبەر بە دانیشتوانی شاری ھەڵەبجە بەکارھێناوە و دوای ئەوەیش پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالی لە کوردستان ئەنجامداوه و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیی کورد، زیندەبەچاڵ کردووه و گوتی:
"لە ساڵانی رابردوودا، عێراق بەرەوڕووی گەورەترین شەڕی دژبە تیرۆر بوویەوە کە لە میانیدا ژمارەیەکی زۆری شار و شارۆچکە وێران بوون و خێزانێکی زۆریش ئاوارەبوون و جگە لەوەیش ژمارەیەک کڵێسا وێرانکران و سووتێنران، ھەروەھا قێزەونترین پێشێلکاری دژبە ئێزدییەکان و تورکمانەکان ئەنجامدراوە، لەگەڵ ئەوانەیشدا ناخۆشترین کۆمەڵکوژیی لە شنگال و سپایکەر ئەنجامدراون".
سەرکۆماری عێراق گوتیشی:"ھێشتا تەحەدای زۆر لە بەردەمماندان تا داواکاریی ھاووڵاتییانی نەینەوا جێبەجێ بکەین و دەرفەتی کاریش بۆ گەنجانمان برەخسێنیین و ئاسایش، ئازادیی و سەروەریی وڵاتیش پتەوتر بکەین".
جەختی کردەوە لەسەر ئەوەش کە دەبێت عێراق ببێت بە گۆڕەپانی تەوافوق و پردێک بۆ گەیشتن بە ھاوکارییکردنی نێوان وڵاتانی ناوچەکە، نەک بکرێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان و گوتی:
"دەبێت لە داھاتوودا، عێراق لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی و مافەکانی مرۆڤی و ھاوکاری ئابووریی ببێتە بە خاڵێکی سەرەکیی لە سیستەمی ھەرێمیی".
گوتیشی: "مەسیحییەکانی عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەڵکی ئەم خاکەن و لەپاڵ برایانیان لەسەرجەم پێکھاتەکاندا بەشدارییان لە رووبەڕووبوونەوەی سەرجەم تەحەدییەکان کردووە".
بەرھەم ئەحمەد ساڵح باسی لەوەشکرد کە مەسیحییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە میانی ساڵانی رابردوودا، بەرەوڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە و کە بەھۆیەوە ناچاربوون کۆچ بکەن، بۆیە ئەگەر کۆچکردنی مەسیحییەکان لە وڵاتانی ناوچەکە بەردەوام بێت ئەوە دەرئەنجامێکی خراپی لێدەکەوێتەوە بۆیە ناکرێت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خاڵی بێت لە مەسیحییەکان و گوتی:
"رەوشی ژیان لەژێر ھەڕەشەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئەوەی دووپاتکردەوە کە جیھان پێویستی بە ئاشتیی و پێکەوەژیان و دوورکەوتنەوەیە لە دابڕان و پەراوێزخستن".
راشیگەیاند کە بوونی پاپا لە عێراق، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوەی بەھای خۆشەویستی، ئاشتیی و پێکەوەژیان لە عێراق دووپات بکرێتەوە و گوتی:
"عێراق شایەتی باشترینە و عێراقییەکان بەھیچ شێوەیەک تیرۆر و توندئاژۆیی بەناوی ئاینیەوە قبوڵ ناکەن، چونکە ئەوان زیاتر شایەنی سەقامگیری و ئاشتیین".
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆتایی قسەکانییدا داوای کرد بەدواداچوون بۆ دەستپێشخەری دامەزراندنی (ماڵی ئیبراھیم بۆ گفتوگۆی ئاینیی) بەسەرپەرشتیی زانایانی ڤاتیکان، نەجەف، ئەزھەر و ناوەندە ئاینییە گەورەکان بکرێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی رابەری کاسۆلیکەکانی جیھان، پاپا فرەنسیس بە سەردانێکی فەرمی کە بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، گەیشتە عێراق.