03 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی رایگەیاند کە ئەمریکا بە کوشتنی قاسم سلێمانی "ھێلی سووری بەزاندووە و لە کاتێکی نزیکدا وەڵامێکی پێداگر-ی دەدرێتەوە".
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران، عەلی رەبیعی لەبارەی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی لە ھێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا لە شاری بەغدا، لێدوانێکی بۆ کەناڵی فەرمی ئێران دا.
رەبیعی ئاماژەی بەوەشدا کە سولەیمانی سیمبولی ھێزی ئێرانە و گوتیشی: "ئێران تۆڵەکردنەوەی کوژرانی سولەیمانی و بەرگریکردن لەخۆی و شکۆیەکەی، بە مافی خۆی دەزانێ. رێبەر (رێبەری ئاینی ئێران، عەلی خامنەیی)، بە ئێمەی گوت کە لە دوای شەڕەوە نین. بەڵام ئەمریکا ھێلی سووری بەزاندووە و لە کاتێکی نزیکدا وەڵامێکی پێداگر-ی دەدرێتەوە".
رەبیعی جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ئاسایشی نیشتمانی ئێرانی بە ئامانج گرتووە و گوتیشی: "وانەیەکی وا دەدەینە ئەمریکا کە ترەمپ و سەرکردەکانی دیکەش لەبیریان نەچێت".
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند ھەریەک لە فەرماندەی ھێزەکانی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسمی سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەھدی موھەندیس بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکانیان لە فڕۆکەخانەی بەغدا کوژراون.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران کوژرانی سولەیمانی لە ھێرشەکەی ئەمریکادا پشتڕاست کردەوە.