Rewa Mahmut Hasan
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
لەبارەی دزەپێکردنی بەڵگەکانی پەنەماوە کە ناوی چەندین سیاسەتمەداری تێدایە و تێوەگلاون لە گەندەڵی و چاوپۆشی سەر باج، سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما رایگەیاند کە ئەو بەڵگانە دووپاتیان کردەوە کە چاوپۆشی لە باج کێشەیەکی نێودەوڵەتییە.
لەبارەی ئەگەری تێوەگلانی کەسانی ئەمەریکی لەو بەڵگانەدا، ئۆباما ئاشکرای کرد کە هاووڵاتییانی ئەمەریکیش بێبەش نین لەو جۆرە گەندەڵیانە و گوتی: "هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان پابەند نین بە باجەوە، یاری بە سیستەمەکە دەکەن. بۆیە چەندین ساڵە هەوڵی لابردنی ئەو نادادپەروەرییە دەدەم لە سیستەمی باجی وڵاتەکەمدا و هەوڵەکانی سەرۆکایەتی گەنجینە بەرز دەنرخێنم بۆ ئەو رێوشوێنانەی دەیگرێتەبەر لە بەرامبەر ئەو کەسانەی هەوڵی بەکارهێنانی بۆشاییەکانی نێو یاساکان دەدەن".
ئۆباما ئاماژەی بەوە دا کە خراپ بەکارهێنانی بۆشایی سیستەم و یاساکان لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بووەتە مایەی زیانێکی زۆر لە ئابووری بۆیە داوای لە کۆنگرێس کرد ئەو پرسە چارەسەر بکەن.
ئۆباما رایگەیاند کە "نزیکەی ٤٠ ساڵە کۆمپانیای ئۆف-شۆرەی یاسایی ئەو نهێنیانەی هەڵگرتووە کە تایبەتە بە پاراستنی ناوی هەزاران بەرپرس کە تێیدا چاوپۆشیان لە سیستەمی باج لێ کراوە، ئەمەش لە رێی ١١.٥ ملیۆن بەڵگەوە ئاشکرا کراوە کە هەڵبەت لە ناو ئەمریکاشدا کەسانی هەلپەرست هەن" و زیاتر دوا و گوتی: "کردنەوەی حیساب لە کۆمپانیاکانی ئۆف-شۆر، کارێکی یاساییە، زۆربەیان کاری یاسایی ئەنجام دەدەن کە خۆی لەخۆیدا کێشەکە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت".
لەناو ئەو دۆکومێنتانەدا كە وەك "دۆكیۆمێنتەكانی پەنەما" دزەیان كردووەتە راگەیاندنەوە، بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە كەسانێكی زۆر، كۆمپانیایەكی زۆر، قاچاخچێتی دەكەن بەباجی نێودەوڵەتییەوە، پارە سپی دەكەنەوە، بە ئامانجی خۆدزینەوە لە سزای نێودەوڵەتی كاروباری داراییان لەسەر كۆمپانیا و ئەژماری دەرەكی كردووەتەوە".
لە هەندێك وڵاتدا كۆمپانیای دەرەكی لە دەرەوەی وڵاتەكانیان دامەزرێندراون كە بە "بەهەشتی باج" ناسراون، ئەوەش بەگشتی ئامانج لێی نەدانی باجە یان بۆ دانی باجێكی كەمە.
هاوكات لەو دۆكیومێنتانەدا ئاماژە بەناوی زیاتر لە ١٤٣ سیاسەتمەدار كراوە كە بەرپرسی حکوومییان تێدایە. رێکخراوی رۆژنامەنووسان و لێکۆڵەرەوانی نێودەوڵەتی (ICIJ) ماوەیەکە بەڵگەکانی مۆساک فۆنیسکا بڵاو دەکاتەوە کە نزیکەی ٤٠ ساڵە پارێزراون و ژمارەیان ١١.٥ ملیۆن بەڵگە دەبێت و بەسەر ناوەندی، ٨٠ وڵاتی جیا دابەش کراون.
ئۆفشۆر وشەیەکى لێک دراوە و بەماناى "دوور لە کەنار" دێت بەڵام ئەم چەمکە بەماناى پاراستنى نهێنى سەرمایەى سەرمایەداران و لێخوشبوونیان لە باج دێت.