Aykut Karadağ
18 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2021
کابوڵ - AA
فڕۆکەیەکی بارھەڵگری سەربازيى جۆری A400 Mی سەر بە ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، بە زیاتر لە ٢٠٠ سەرنشینی تورکەوە، کە لە دوای کۆنتڕۆڵ کردنی کابوڵ پایتهختی ئهفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە داواکاریی گەڕانەوەیان بۆ تورکیا پێشکەش کردبوو، شارهكهی جێهێشت.
کارەکانی گەڕاندنەوە و دهرباز كردنی ھاووڵاتییانی تورکیا لە ئەفغانستان بەردەوامە.
زیاتر لە ٢٠٠ ھاووڵاتیی تورکیا کە لە ناوچەی ئارامی فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی کابوڵ چاوەڕێیان دەکرد، لە رێگەی فرۆکەيەكى بارھەڵگری سەربازيى جۆری A400 Mی سەر بە ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا لە کابوڵەوە بەڕێ کەوتن.
لە کاتێکدا کارەکانی دهربازكردنی ھاووڵاتییانی تورکیا بەردەوامە، ئەو ھاووڵاتییانەی کە لە ناوەندی شارەکەوە بۆ شوێنێکی ئارام لە ناو فڕۆکەخانەی کابوڵ گواستراونەتەوە و چاوەڕوانی رهوانه كردنهوهیانن بۆ تورکیا، باسی بەسەرھات و دوایین دۆخی کابوڵیان بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
ھاووڵاتیی تورکیا، نەقیموڵڵا چۆڵاک، کە بهر له سێ ساڵ لە پارێزگای ھاتایەوە چووهته بۆ ئەفغانستان، ئاماژەى بەوە كرد كە ئەرکی وەڕگێر بووە لە ناو سوپای توركيادا.
نەقیموڵڵا چۆڵاک باسی لەوەش کرد کە بەبێ ئەوەی تووشی ھیچ گرفتێک ببن گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی کابوڵ.
ھاووڵاتییەکی دیکەی تورکیا کە ناوی قادرە، ئاماژەی بەوە کرد کە ماوهی دوو ساڵە لە کابوڵە و کاری چاودێریی کردن و چاککردنەوەی سیستمی ئەمنیی فڕۆکەخانەی کابوڵ دەکات، گوتی:
"ھەموو شتێک زۆر بە خێرایی پەرەی سەند. ھاتنی تاڵیبان بۆ ناو کابوڵ، ھەمووی لەماوەی یەک رۆژدا روویدا. ئێمەش راستەوخۆ پەیوەندیمان بە باڵیۆزخانە و وەزارەتی دەرەوەمانهوه کرد. لە ئێستادا پارێزراوین و پشت بە خودا دەگەڕێینەوە وڵاتەکەمان".