Abdullah Aşıran,Yılmaz Öztürk
03 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2024
ھۆڵەندا ــ AA
پاسکیل سواری، بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانەی ھاووڵاتییانی ھۆڵەندا، بەو پێیەی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتە ھەر لە منداڵییەوە خۆیان فێر پاسکیل سواری دەکەن و تا کۆتایی ژیانیان بەکاری دەھێنن.
ھۆڵەندا، یەکێکە لەو وڵاتانەی جیھان کە زۆرترین کەس لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، پاسکیل بەکار دەھێن.

لەئێستادا لە ھۆڵەندا، کەسانی تەمەن حەوت ساڵ تا تەمەن ٧٠ ساڵ پاسکیل لە ژیانی ڕۆژانەیاندا، بەکار دەھێن.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٣ی حوەزیرانی ھەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیھانی پاسکیل سواری ناساند، چونکە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە بەکارھێنانی پاسکیل لە ژیانی ڕۆژانەدا، سوودێکی زۆر بۆ جەستە ھەیە، ھەروەھا ئامرازێکی سادە، گونجاو و پاک و ژینگەدۆستە بۆ گواستنەوەی بەردەوام.

بەپێی توێژینەوەکان، بەکارھێنانی پاسکیل لە ھۆڵەندا، بە ڕێژەی لەسەدا ٤٢ بۆ کات بەسەربردن، لەسەدا ١٦ بۆ چوونە سەر کار، لەسەدا ١٣ بۆ قوتابخانە، لەسەدا ٢٣ بۆ بازاڕکردن، لەسەدا شەش بۆ مەبەستی دیکە، بەکار دەھێندرێت.
ھاوکات ھۆڵەندا ژێرخانی تایبەتی ھەیە بۆ پاسکیل سواری، درێژی ڕێڕەوی پاسکیلەکانیش ٣٧ ھەزار کیلۆمەترە، ھەروەھا جوگرافی ئەو وڵاتە، زۆر گونجاوە بۆ پاسکیل سواری.

لە ھۆڵەندا، ٢٤ ملیۆن پاسکیل ھەیە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە، ١٨ ملیۆن کەسە و بەمجۆرە ھۆڵەندا، "بە زەوی پاسکیل ناسراوە کە تێکڕا ھەر خێزانێک، خاوەنی سێ پاسکیلن".
لەمبارەیەوە ھاووڵاتییەکی ھۆڵەندا بە ناوی تاس پیچ ڕایگەیاند کە پاسکیل سواری "ئازادی" بەو کەسە دەبەخشێت کە بەکاری دەھێنێت، ئاماژە بەوەش دا کە لە تەمەنی سێ ساڵیدا، خۆی فیڕی پاسکیل سواری کردووە.

تاس پیچ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە پاسکیل تەنھا بە مانای ئامرازێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بینینی شوێنە جوانەکان و وەرزشکردن.
ھەر لەوبارەیەوە ھاووڵاتییەکی دیكەی ھۆڵەندا بە ناوی جێلی دی ڤریس ئاماژەی بەوەدا کە پاسکیل لە کاتی وەستاندا، کێشە دروست ناکات، ھەر وەک وەک ئەوەی لە ئۆتۆمبێلەکاندا لە کاتی وەستاندا، دروست دەبێت.
جێلی دی ڤریس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پاسکیل سواری، نایاب و ناوازەیە، چونکە بە ئاسانی و خێرایی دەگەیتە شوێنی مەبەست".
یەکێتی پاسکیل سواری ھۆڵەندا ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەڕێژەی ٢،٣ لەسەدا، خاوەنی ئەو ملیار پاسکیلانەیە کە لەسەرانسەری جیھاندا ھەن.
لە ھۆڵەندا ساڵانە، یەک ملیۆن پاسکیلی نوێ دەفرۆشرێن و زۆرینەی ھاووڵاتییانی ئەو وڵاتەش، پاسکیلی بەکارھێنراو، بەکاردەھێنن.