بەغدا ــ AA
وەزیری گواستنەوەی عێراق، ڕەزاق محێبس سەعداوی ڕایگەیاند، پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" کە عێراق لە ڕێگای تورکیاوە بە ئەورووپا دەبەستێتەوە، پڕۆژەیەکی تەواوکەری ئابوورییە بۆ وڵاتانی بەشداربوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
ڕەزاق محێبس سەعداوی لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێک کە لە ژمارەیەک کەسی ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس و بازرگان پێکھاتبوو ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی کە بەشداری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بازرگانی نێودەوڵەتی نێوان ئاسیا و ئەورووپا دەکەن، کاردەکەن لەسەر دانانی پێوەرێکی تەکنیکی بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" و لێکۆڵینەوە لە جێگرەوەی دارایی بۆ پڕۆژەکە دەکەن.
وەزیری گواستنەوەی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو خاڵی دەستپێکی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدانە" کە لەسەر ڕووبەڕی ٥٤ کیلۆمەتر دروست دەکرێت و دەبێت بە گەورەترین بەندەر لە ناوچەکە.
گوتیشی: "بەندەرەکە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥دا، دەست بە کارکردن دەکات و بنکەیەکی گەورەی سەربازی ، پاڵاوگەی پێترۆکیمیایی، دامەزراوەکانی عەمبارکردنی غازی سروشتی و دامەزراوەکانی چارەسەرکردنی ئاو لەخۆ دەگرێت".
باسی لەوەش کرد کە لە دەوروبەری بەندەرەکەدا، ناوچەی نیشتەجێبوون و پیشەسازی دروست دەکرێن، بۆ ئەوەی ببێتە بە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی و گەشتیاری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
ڕوونیشی کردەوە کە کۆمپانیای "PEG Infrastuture"ی ئیتاڵی، لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی ورد بۆ ڕێڕەوی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر ئەورووپا دەبەستێتەوە، ئەنجام دەدات.
ڕاشیگەیاند، ئەو ڕێگا خێرایەی کە لەچوارچێوەی پڕۆژەکەدا، دروست دەکرێت بەڕێژەی لەسەدا ٦٥ی تەواو بووە و گوتی: "تێچووی ڕێگای وشکانی و ھێڵی ئاسنین کە لەچوارچێوەی پڕۆژەکە دروست دەکرێن، ١٧ ملیار دۆلارە".
باسی لەوەش کرد کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا، یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات بۆ تاوتوێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، ئەنجام دەدرێت.
گوتیشی: "بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیاوە، پڕۆژەکە سوود و قازانجی زۆری بۆ عێراق و تورکیا دەبێت کە ئەو قازانجەش بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی ھەردوو وڵات بەکاردەھێنرێت".
لە ٢٢ی نیسانی ڕابردوودا و بەسەرپەرشتی سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی یاداشتنامەیەکی چوار لایەنە لەنێوان عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" واژوو کرا.