رەقە
بڕیارگەی ناوەندیی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) و چەندین مۆڵگەی گەورەی دیکە، بوونە ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان.
لەوبارەیەوە کۆمیتەی کوردیناسیۆنی ھەرێمی رەقە، چەندین زانیاری پێشکەشی ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و بەپێی ئەو زانیارییانە، بەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای رەقە بڕیارگای ناوەندیی داعش و چەندین مۆڵگەی گەورەی دیکە، بۆردومانکراون.
لە بەشێکی ئەو زانیارییانەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە ١٨ ھێرشی ئاسمانیی کراونەتە سەر بەرزاییەکانی نزیک شاری رەقە، بەڵام چەکدارانی داعش بەھۆی ئاگاداربوونیان لەو ھێرشانە، مۆڵگەکانیان چۆڵکردووە، بەڵام باڵەخانەی پارێزگای رەقە کە بڕیارگای ناوەندیی داعش بوو، ناوەندی شار، دامەزراوەکانی بینجیلیک، کەمپی تەلایی پەروەردە، نەخۆشخانەی وەتەن، ناوچەی تەل ئەبیەز، بەتالیۆنی ٩٣ی لە عەین عیسا و ھەروەھا فڕۆکەخانەی سەربازیی تەبقا بۆردمانکراون. بێجگە لەو شوێنانە ھاوکات بڕیارگەی داعش لە ناوچەی ئەبو کەمالی سەر بە دێرزۆر بۆردمانکراوە.
عەبدولڵا خەلەف چالاکوان لە ناوچەی ئەبو کەمال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان، ٢٢ جار ھێرشی سەر بڕیارگای داعشیان لە ئەبو کەمال کردووە."
ھەر لەوبارەیەوە چالاکوان محەمەد ناسر گوتی: "ئەو ھێرشانە بۆ ماوەی نیو سەعات بەردەوام بوونە و بەھۆیەوە خەڵکی ناوچەکە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بووە."
خەلەف جەختی لەوەکردەوە کە بەھۆی بۆردومانکردنی بڕیارگەی داعش، ژمارەیەک چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوونە، کە ھێشتا ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ئاشکرا نەکراوە.