سەنعا
عەبدوڵا مەنسور هادی، سەرۆك كۆماری یەمەن رایگەیاند، رێگە نادەن بە بزوتنەوەی حوسی نەیاری حكومەت ئارامی سەنعای پایتەخت تێكبدات.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەوتاڵ و دەنگ و باسی فەرمی یەمەن (سابا)، هادی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی وڵاتەكەیدا رایگەیاندووە، رێگە نادەن بە حوسییەكان كە بەردەوامن لەسەر خۆپیشاندانەكانیان دژ بە حكومەت لە سەنعای پایتەخت و ناوچەكانی دەوروبەری ئاژاوە بنێنەوە و سەقامگیری و ئارامی گشتی تێكبدەن.
هاوكات لە هەواڵەكەدا هاتووە سەرۆك كۆماری یەمەن جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە، كە ئاسایشی سەنعا، ئاسایشی تەواوی نەوەكانی یەمەن و ویلایەت و ناوچە جیاوازەكانی ئەو وڵاتەیە. بۆیە رێگەنادرێت و گونجاو نییە حوسییەكان لە سەنعا و دەوروبەریدا بەردەوام بن لەسەر گردبوونەوە.
لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشدا، وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ لەگەڵ لێپرسراوانی سەربازی و ئەمنیدا تاوتوێی كێشەكانی ئاسایشی وڵات دەكەن.
لەلایەكی دیكەوە عەبدولمەلیك ئەلحوسی، سەركردەی بزوتنەوەی حوسی شیعەی ئۆپۆزسیۆن داوای لە لایەنگرانی كرد ئەمرۆ لە مەیدانی تەغیری سەنعای پایتەخت گردبوونەوە ئەنجام بدەن و فشار لەسەر حكومەت دروست بكەن بۆ جیبەجێ كردنی داواكارییەكانیان.
بزوتنەوەی حوسی لە روونكردنەوەیەكدا كە لە كەناڵی ئەلمەسیرای سەر بە بزوتنەوەكە بڵاوی كردەوە هۆشداری دەدا لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داخوازییەكانیاندا كە خۆی لە هەڵوەشانەوەی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاڵپشتی نەكردنی دەوڵەت لە دابینكردنی سوتەمەنیدا، هەروەها جیبەجێ كردنی ئەو بڕیارانەی لە كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دەركران، ئەوا هەنگاوی گەورە و ستراتیجی دەگرێتە بەر.
حوسیەكان باسیش لەوە دەكەن، كە لەبەردەوامی گفتوگۆكانیاندا لەگەڵ حكومەتدا تا ئێستا هیچ ئەنجامێكیان بەدەست نەهێناوە و داوایان لە سەرۆك كۆمار كرد داخوازییەكانیان جێبەجێ بكات.