نیۆیۆرك
دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی بەخشییە حكومەتی تازە بەسەرۆكاییەتی حەیدەر عەبادی، ئێستا ئەم هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران كاردانەوە و پێشوازی نێودەوڵەتی و هەرێمی لێكەوتەوە.
لەمبارەیەوە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مۆن لە راگەیانراوێكدا كە لە رێگەی گوتەبێژەكەییەوە ئستیڤان دۆگریك خوێندراییەوە، پیرۆزبایی لە عەبادی كرد لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی كە بۆ پێكهێنانی حكومەتی تازە هاوێشتی و هەنگاوەكەشی بە ئەرێنی بەرەو سەقامگیری سیاسی و ئاشتی بۆ عێراق زانی.
لە بەشێكی راگەیانراوەكەدا، بان كی مۆن داوای لە سەرجەم سەركردە سیاسییەكانی عێراق كرد كە هاوكاری و هەماهەنگی یەكتربن بۆ ئەوەی پۆستە وەزارییەكانی " ناوخۆ و بەرگری" لە حكومەتی تازە یەكلایی بێتەوە.
وەزارەتەكانی " ناوخۆ، بەرگری، سەرچاوە ئاوییەكان " ئەو وەزارەتانەن كە هێشتا كەسی بۆ دیاری نەكراوە و بڕیارە لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیك عەبادی ناوی وەزیرەكانی ئەو وەزارەتانە رابگەیەنێ.
هەر لە راگەیانراوەكەدا سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خۆی بۆ جێبەجێ كردنی تەواوی بەرنامەی كابینەی تازەی حكومەتەكەی عەبادی دەربڕیوە كە شەوی رابردوو لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەند كراو متمانەی پێ بەخشرا.