سەنعا
لەشاری سەنعای پایتەختی یەمەن پێکدادان لەنێوان ھێزە حووسی و سەلەفییەکان روویدا و ئەوانەی رووداوەکەیان بەچاوی خۆیان بینیوە ئاشکرایانکرد ھێرشی حووسییەکان بۆ سەر ناوچەی دیماج و پێکدادانی نێوان ھەردوولا زیانێکی زۆری ماڵیی لێکەوتۆتەوە.
لەلایەکی دیکە ئەندام پەرلەمانی پێشووی حکومەتی یەمەن ساڵح محەمەد لەلایەن چەکدارانی نەناسراوەوە رفێنرا.
خانەوادەی ئەندام پەرلەمانە رفێنراوەکە بۆ AA گوتیان: "ساڵح لە شاری دالی، لەلایەن گرووپە چەکدارێکەوە رفێنراوە و ھیچ زانیارییەکمان لەبارەی ھۆکار و چۆنیەتی رفاندنەکە نییە. ناشزانین ئەو گرووپە چەکدارە سەربە کێن و فەرمانیان لەکێ وەرگرتووە".
ماوەیەکە لەشاری سەنعای پایتەختی یەمەن پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی حووسی و سەلەفییەکان درووستبووە و زیانێکی زۆری ماڵیی لێکەوتۆتەوە ژمارەیەکی زۆری خانوبەرە خاپوور بوون و چەند خانەوادەیەک دەربەدەر بوونە.
بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە سەلەفییەکان کوژراون، حووسییەکانیش ئامادە نین زانیاری لەسەر ژمارەی کوژراوانیان بدەن.
سەرکۆماری یەمەن مەنسور ھادی لیژنەیەکی بۆ ئاگربەستی نێوان لایەنەکان ناردووە، بەڵام حووسییەکان بەردەوام ھێرش دەکەنە سەر سەلەفییەکان و سەلەفییەکانیش سووڕن لەسەر دژایەتیکردن و بەرەنگاربوونەوە.