ھەولێر
حوسێن تەمەنی ١٠ ساڵانەو دانیشتووی گەڕەکی شاوێسە لە شاری ھەولێر، بەناوی کارکردن رۆژانە لەماڵەوە دەچێتە دەرێ و لەترافیک لایتەکان وا دیارە کلێنێکس و بنێشت دەفرۆشێ، بەڵام ئەو جار جار سواڵیش دەکا. حوسێن لەگەڵ چەندین ھاوتەمەنی خۆی ترافیک لایتەکانیان قەرەباڵخ کردووە.
حوسێن بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باوکم مردووە، لە ماڵەوە لەگەڵ دایکم و خوشک و برایەکم پێکەوە دەژین. تەنیا داھاتی خێزانەکەمان من و براکەم پەیدای دەکەین لەم شوێنەدا، ناچارین رۆژانە پارە کۆکەینەوە."
ھەموو ئەو منداڵانەی لەترافیک لایتەکان کار یان سواڵ دەکەن، دەڵێن ناچارن ئەو جۆرە کارانە بکەن. ھەروەھا جەخت دەکەنەوە کە ئەوان بوونەتە سەرچاوەی بژێوی خێزانەکانیان.
عەلی عەبدۆ ١٢ ساڵان، منداڵێکی سوریە و ماڵباتەکەیان بەبۆنەی شەڕو ئاڵۆزیی لە سوریاوە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون. عەلی رۆژانە لە بەیانییەوە تا نزیکی خۆرئاوابوون لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکی دەچنە سەر جادەکان و بنێشت و کلێنێکس دەفرۆشن.
عەلی گوتی: "بابم مردووەو دایکم شووی کردۆتەوە، بۆیە من و خوشک و براکانم لەگەڵ باپیرم دەژین. من ناچارم پارە بۆ ئەوان پەیدا بکەم، لێرە زۆر منداڵ ھەن کە خەڵکی ئێران و عێراقن کاری دەستفرۆشی دەکەن. بەشێک لەوانە سواڵیش دەکەن، بۆیە خەڵکی لێمان بێزار بوون و کاریان لە ئێمەیش تێکداوە."
منداڵانی سەرجادە کەڵک لە ترافیک لایتەکان وەردەگرن تا لەوێ پارە پەیدا بکەن، دەرفەت دێنن لەکاتی راوەستانی ئوتۆمبیلەکان دەچنە لای شۆفێران و دەپاڕێنەوە بۆ شت کڕین لێیان یان داوای پارەیان لێدەکەن. بەشێکی زۆر لە شۆفێران بێجگە لەوەی بەزەییان بەواندا دێتەوە، نیگەرانن لەو ھەڵسوکەوتەی منداڵان.
دڵشاد محەمەد، یەکێکە لەوانەی دەڵێ دیمەنی منداڵان لە سەرجادە، دیاردەیەکی زۆر خەمھێنەرە، لەو بارەیەوە گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان بیمەی منداڵان نییە، لە وڵاتانی دیکە ئەگەر خێزان توانای پەروەردەی منداڵەکەی نەبێ، بیمەی حکومەت تا تەمەنی ١٨ ساڵی پشتیوانی دەبێ. بەڵام بەداخەوە لەکوردستان ئەمە نییە. حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەرپرسیارە کاتێ لە زۆربوونی منداڵانی سەرجادە، بێجگە لەمنداڵانی ھەرێم ئێستا منداڵانی سوریاو شارەکانی دیکەی عێراقیش زیادیکردووە."
بەڵام کاربەدەستانی حکومەت کە تایبەتمەندن بە پرسی منداڵپارێزیی دەڵێن، لە بەر ئەوەی ئاماریان لا نییە، ناتوانن ھیچ پلانێک دابڕێژن بۆ رێگرییکردن لە کارکردن یان سواڵکردنی منداڵان لەسەر جادەکان.
ئەحمەد رەشید، بەرپرسی بەشی پلان لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ھەولێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ھیچ ئامار و داتایەکمان لەبارەی منداڵانی سەر شەقام لا نییە کە سواڵ دەکەن. چەندینجار دوامان لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کردووە تا بەپلان کار بۆ نەھێشتنی ئەو دیاردەیە بکەین، کەچی وەزارەت وەڵامیان نەداوینەتەوە. ئێمەیش تا ئامار و داتامان لە بەر دەست نەبێ، ناتوانین ھیچ پرۆژە و پلانێک بۆ بەدواداچوونی ئەو کێشەیە دابڕێژین."
رەشید ھەروەھا گوتی: "سەبارەت بەو منداڵانەی لە سەرشەقام پەکیان کەوتبێ یان دەستدرێژییان کرابێتە سەر، چونکە ئامارمان لەبەردەستدا نییە، ھیچ زانیارییەکمان لا نییەو ھیچ سەنتەر و رێکخراوێکی منداڵانیش ئاماری وای نەخستۆتە بەردەستمان. حکومەتی ھەرێم بیری لە چارەسەری ئەم کێشەیە کردۆتەوە ، بەڵام تا ئێستا ھیچ کردارێکمان نەبینیوە."
حوسێنی تەمەن ١٠ ساڵان کە دەڵێ بژێوی خێزانەکەی ئەو دابینی دەکا گوتی: "منیش حەزەدەکەم کە وەکو منداڵانی دیکە یاریی بکەم و لە سەرماو گەرما پارێزراو بم، بەڵام چونکە خێزانەکەم چاوەڕێی داھاتی منن، ناتوانم بەدڵی خۆم بکەم."