هه‌ولێر-AA
ئیلخانلی ده‌ڵێت گۆڕان و كۆمه‌ڵ له 25ی ئهیلوول ده‌نگ به به‌ڵی بۆ ریفراندۆم ده‌ده‌ن ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی ناوخۆش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، پێشی وایه ریفراندۆم بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت.
- "سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ورووپامان ئامانجی خۆی پێكا"
ئاژانسی ئانادۆڵو: له‌سه‌ردانه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووتان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ھەرێمی کوردستان، مه‌سعود بارزانی بۆ په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا و به‌لجیكا چیتان به‌ده‌ستهێنا، ئامانجهكەتان كه بۆی چووبوون پێكا؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئێمه پێشتر بڕیارمان دابوو پێویسته هه‌وڵبده‌ین له رێگه‌ی دیپلۆماسییه‌وه پاڵپشتیی وڵاتان بۆ ریفراندۆم به‌ده‌ست بهێنین، بۆیه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاڵپشتیی وڵاتان له دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان كه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم بوو بڕیاردرابوو كه سه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ئه‌ورووپا و وڵاتانی زلهێز بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ردانی به‌غدا بكرێت.
بۆیه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیار درا شاندێك سه‌ردانی به‌رپرسانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و به‌لجیكا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری‌یان له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه پێبده‌ین و به‌هه‌ڵه تێنه‌گه‌ن، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی به لێكتێگه‌یشتنه‌وه سه‌یری بڕیاره‌كه‌ی ئێمه بكه‌ن. له كۆبوونه‌وه‌كه بڕیاردرا حزبه سه‌ره‌كییه‌كان به‌شداری شانده‌كه بن وه‌كو یه‌كێتی و پارتی و یه‌كگرتووش، هه‌روه‌ها له‌و شانده نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی تێدابوو ئه‌وه‌بوو نوێنه‌رانی توركمان و مه‌سیحی و ئێزدیش هه‌بوو و بوو به شاندی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، ئێمه بۆیه یه‌كێتیی ئه‌ورووپامان هه‌ڵبژارد، چونكه نوێنه‌رانی هه‌موو وڵاتانی ئه‌ورووپا له یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هه‌ن و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا وه‌ریده‌گرین كه‌واته له هه‌موو وڵاتانی ئه‌ورووپا وه‌رمانگرتووه، بۆچی سه‌ردانی حكوومه‌تی بهلجیكامان كرد؟، چونكه به‌لجیكا به دڵی یه‌كێتیی ئه‌وروپا داده‌نرێت، چونكه دامه‌زراوه گرنگه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا وه‌كو په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا له‌و وڵاته‌یه.
له به‌لجیكا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته كۆبووینه‌وه، شاندێكی باڵای حكوومه‌ت كه پێكهاتبوون له وه‌زیره گرنگه‌كان هه‌بوون و كۆبوونه‌وه‌كه له وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌نجامدرا، جگه له جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌و وڵاته وه‌زیری به‌رگری و وه‌زیری كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران و چه‌ندین به‌رپرسی حكوومیش ئاماده‌بوون، ئه‌وان باسیان له‌وه‌كرد کە حه‌ز ده‌كه‌ن له‌م ناوچه‌یه به‌رقه‌راریی هه‌بێت و هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك هه‌بێت كاردانه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئارامی ناوچه‌كه نه‌بێت، چونكه ئه‌م ناوچه‌یه به‌سه‌ر زۆر قۆناغ تێپه‌ڕی به تایبه‌ت ئێستا شه‌ڕی داعش و كێشه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه.
دواتر سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به وردی باسی عێراق و دۆخی پێكهاته‌كانی كرد و هه‌روه‌ها باسی ئه‌و كێشانه‌ی كرد كه رووبه‌ڕووی پێكهاته‌كان بووه‌ته‌وه، پاش ئه‌و شیكردنه‌وه ورده‌ی کە بۆ 100 ساڵی رابردووی عێراق كردی دواتر حكوومه‌تی به‌لجیكا گوتی 'به تێگه‌یشتنه‌وه سه‌یری بڕیاره‌كه‌تان ده‌كه‌ین و گوتییان رێز له ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ش ده‌گرین و پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی'، ئێمه چووبووین بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین به تێگه‌یشتنه‌وه سه‌یری مه‌سه‌له‌كه بكه‌ن، كه‌چی ئه‌وان گوتیان رێز له ئه‌نجامه‌كه‌شی ده‌گرین".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هیچ وڵاتێكی ئه‌ورووپا به ره‌سمی پاڵپشتیی خۆی بۆ ریفراندۆم ده‌ربڕی؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئه‌وان ده‌ڵێن رێز له ئه‌نجامی ریفراندۆم ده‌گرن و رێز له راو بۆچوونی خه‌ڵك ده‌گرن و پاڵپشتیی ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش پێمانگوتن كه‌واته چاودێری خۆتان بۆ چاودێریكردنی پڕۆسه‌كه بنێرن، ئه‌وانیش رازی بوون، ئه‌مه شێوازێكی دیپلۆماسییه، ره‌نگه چه‌ند وڵات پشتگیری ریفراندۆم بن وه‌كو ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كاندا باسی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ده‌ره‌وه له رووی دیپلۆماسییه‌وه به‌و شێوه‌یه ده‌یڵێن.
دواتر سه‌ردانی هه‌رێمی فلاندهرزمان كرد كه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و هه‌رێمه و حزبه‌كه‌ی ئه‌و هه‌رێمه ده‌سه‌ڵاتی به‌لجیكایان به‌ده‌سته، هه‌روه‌ها دواتر سەردانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی مه‌سیحی له ئه‌ورووپامان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆبووینەوە، كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وان واته كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌ورووپا، نوێنه‌رانی ئه‌و وڵاتانه كه چه‌ندین وڵات بوون وتییان رێز له ئه‌نجامی ریفراندۆم ده‌گرین و دیاریكردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین له په‌یڕه‌و و پرۆگرامی ئه‌واندا هه‌یه، ئه‌مه پاش ئه‌وه‌ی كه زۆر باسی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه و پێشوازی له په‌نابه‌ران و بارودۆخی پێكهاته‌كان و شتی دیكه‌ش کرا، ته‌نها ئه‌وه‌ی هه‌بوو بارودۆخی ناوخۆیی بوو كه ئه‌ویش شتێكی ئه‌وتۆ نییه، به‌ڵام باشتر بوو به‌لایانه‌وه بارودۆخی ناوخۆ باشتر بكه‌ین و به‌ره‌و پڕۆسه‌یه‌كی وا گرنگ ده‌چن پێویسته ئه‌و كێشانه‌ش چاره‌سه‌ر بكرێن.
به داخه‌وه لێره و چه‌ند كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی له نێویاندا كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه راپۆرتێكی پڕ له هه‌ڵه‌ی كردبوو له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی ئێمه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: واته هیچ وڵاتێك دژایه‌تی خۆی بۆ ریفراندۆم ده‌رنه‌بڕی؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "نه‌خێر هیچ وڵاتێك دژایه‌تی خۆی بۆ پڕۆسه‌ی ریفراندۆم نیشان نه‌داوه، ته‌نها به‌رپرسێكی ئه‌ڵمانی گوتی 'دڵنیان كاته‌كه كێشه دروست ناكات'، به‌س تێبینی له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌بوو، سه‌رۆكی هه‌رێمیش بۆی روونكرده‌وه و ئه‌ویش گوتی 'ده‌چمه لای حكوومه‌ته‌كه‌ی خۆم و پاڵپشتیتان ده‌كه‌م' ".
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته سه‌ردانه‌كه‌ی ئێوه سه‌ركه‌وتووبو؟ ئامانجی خۆی پێكا؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "به‌ڵێ زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو، ئامانجی پێكا، ئێمه بۆیه ئه‌م شانده‌مان هه‌ڵبژارد و به سه‌رۆكایه‌تی سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان خۆی بوو، چونکە ئه‌وه‌ی هه‌یە رای گشتی نێوده‌وڵه‌تی له لای ئه‌ورووپایه، ئێمه‌ش ویستمان رای ئه‌وان بزانیین، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد زیاترمان ده‌ستكه‌وت، ئێمه وتمان دژایه‌تییمان نه‌كه‌ن و بێ لایه‌ن بن له نێوان ئێمه و به‌غدا، به‌ڵام ئه‌وان سه‌رباری ئه‌وه گوتیان رێز له ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌گرن، كه‌واته به شێوازێكی دیپلۆماسییانه پشتگیری خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌بڕن".
- "شاندی ریفراندۆم سه‌ردانی توركیا و ئێران و وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو رووسیاش ده‌كات"
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و سه‌ردانانه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ وڵاتان به‌رده‌وام ده‌بێت؟ دوای ئه‌ورووپا نیازی كوێتان هه‌یه؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئه‌و سه‌ردانانه به‌رده‌وام ده‌بێت، دوو شوێنی سه‌ره‌كی هه‌بوو، ئه‌ورووپا و وڵاتانی دراوسێ، به تایبه‌ت توركیا و ئێران كه دوو وڵاتی سه‌ره‌كیین، چونكه ئه‌وان هاوپه‌یمانی هه‌رێمی كوردستانن و له كاتی رژێمی به‌عس پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی عێراق و كوردستانییان كردووه، ئێران و توركیا له چه‌ند ساڵی رابردوودا دوو ده‌رگا بوون بۆ په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و دوو وڵاته له‌و 23 ساڵه‌ی رابردوو زۆر سوودییان به هه‌رێم گه‌یاندووه و زیاتر له‌وه‌ی كه حكوومه‌تی عێراق گه‌یاندوویه‌تی.
بۆیه پێویسته به هه‌موو هێزی خۆمان توركیا قایل بكه‌ین په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌رده‌وام بێت و ئه‌و بۆچوونه‌ی توركیا كه ده‌ڵێت ده‌بێت یه‌كپارچه‌یی عێراق بپارێزرێت خاو بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی تێیانبگهینین كه ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئێمه هاوپه‌یمانی زۆر باش ده‌بێت بۆ توركیا له ناوچه‌كه، به تایبه‌ت توركیا ئێستا له رووی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان په‌یوه‌ندیی باشی هه‌یه و پێویستی به په‌یوه‌ندیی ناوچه‌ییش هه‌یه، بۆیه له نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت و ته‌نها هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت به شێوازی رێك‌وپێك هاوپه‌یمانی ناوچه‌یی ببه‌ستێت.
بۆیه سه‌ردانی دووه‌م سه‌ردانی توركیا و ئێران ده‌بێت، سه‌ردانی سووریا ناكه‌ین، چونكه حاڵه‌تێكی ناسروشتی هه‌یه و نازانیین له‌گه‌ڵ كێ دابنیشین و زۆر لایه‌ن هه‌یه له سووریا حوكمڕانی ده‌كه‌ن و هه‌ریه‌ك له ناوچه‌یه‌ك، ناشزانیین له داهاتوودا كێ حوكمی سووریا ده‌گرێته ده‌ست بۆیه نازانیین له‌گه‌ڵ كێ دانیشین.
هه‌روه‌ها دواتر سه‌ردانی ئوردن و میسر و وڵاتانی كه‌نداویش ده‌كرێت، چونكه ده‌بێت ئه‌مانه هه‌مووی بكرێت و پێش 25ی ئهیلوول ئه‌م سه‌ردانانه بكه‌ین، بۆیه له هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه ده‌كرێت بۆ دیاریكردنی ئه‌و شوێنانه‌ی كه سه‌ردانی ده‌كه‌ین و ئه‌و شاندانهشی ده‌چنه ئه‌وێ، چونكه مه‌رج نییه ئه‌و شانده‌ی چووین بۆ ئه‌ورووپا و به‌لجیكا هه‌مان شاند بچێته وڵاتانی دیكه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: تا ئێستا ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێران بۆچوونێكی نێگه‌تیڤی له‌سه‌ر ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، پێتان وایه ئێران و توركیا دواتر له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆسه‌یه رازی ببن؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "بۆچوونییان نێگه‌تیڤه، به‌ڵام رێگرنابن له ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه، گرنگترین قۆناغ پاش ریفراندۆم گرنگه، دوو شت زۆر پێویسته بۆ توركیا و ئێران ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌م وڵاته به هیچ شێوه‌یه‌ك نابێته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ئه‌م دوو وڵاته، هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ی ئێمه نابێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئه‌وان و سنووری هاوبەشمان ده‌پارێزین، هه‌روه‌ها ئه‌م ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی ده‌بێت و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌پارێزێت، ئێمه ده‌بێت له توركیا نموونه‌یه‌كی زۆر باشیان نیشان بده‌ن و پێیان بڵێن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركمانه‌كان واده‌خوازێت جیاببینه‌وه له عێراق، چونكه سه‌رجه‌م ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر توركمانه‌كاندا هاتووه به هۆی ئه‌وه‌وه بوو كه رێزیان له پێكهاته‌كان نه‌كردووه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌ی ئێوه سه‌ردانی وڵاتانی دیكه ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئێستا شاندێكی یه‌كێتی له ئێرانه بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، ئێمه‌ش هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌ین له لایه‌ك جوڵه‌كه‌ی یه‌كێتی به باش ده‌بینم، له لایه‌كیش پێم باشە یه‌كێتی خۆشی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و شانده بکات کە سەردانی ئێران دەکات ئه‌و مه‌به‌سته.
ئێمه سه‌ردانی رووسیاش ده‌كه‌ین، ئێمه پێشتر چه‌ندین شاند سه‌ردانی ئه‌مریكایان كردبوو و ئه‌مریكییه‌كان پێیان باشه ریفراندۆم له ساڵی داهاتوو ئه‌نجام بدرێت، ئێمه‌ش پێمان وتوون له‌گه‌ڵ ریفراندۆم یه‌كسه‌ر ده‌وڵه‌ت راناگه‌یه‌نرێت، ئه‌مریكییه‌كان به پێی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه ده‌یانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له ساڵی داهاتوودا بكات، هه‌ر له ئێستاوه هه‌رێم له‌و هه‌ڵبژاردنه نه‌یه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها ئێستا شه‌ڕی داعش هه‌یه، ئه‌مریكا ترسی له‌وه هه‌یه كه له پاش ریفراندۆم په‌یوه‌ندیی عێراق و هه‌رێم تێكبچێت و هه‌ڵبژاردنه‌كان دوابخرێت یان بهشدارنهبین، شتێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه هه‌رێم خۆی به‌شداریی نه‌كات و بڵێین خۆمان به شه‌ریك نازانیین، بۆیه ئه‌وان پێیان باشه دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی داهاتوو ریفراندۆم بكرێت".
- "ریفراندۆم له‌و ناوچانه ده‌كرێت كه پێشمه‌رگه ده‌یانپارێزێت"
ئاژانسی ئانادۆڵو: له سه‌ردانه‌كانی داهاتوودا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و شاندانه ده‌بێت كه سه‌ردان ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "له سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ ئه‌ورووپا پێشتر سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌وعیدی وه‌رگرتبوو، به‌ڵام مه‌رج نییه له سه‌ردانه‌كانی دیكه‌دا له‌گه‌ڵمان بێت، پێم وابێت ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و ماوه‌یه‌ی ماوه خۆی بۆ بارودۆخی ناوخۆیی ته‌رخان بكات و سه‌ردانی لایه‌نه‌كان بكات".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌ی كه‌ی سه‌ردانی به‌غدا له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئێمه بۆ وڵاتان ده‌چین زانیاری‌یان ده‌ده‌ینێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆبوونه‌وه بۆ وتوێژه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، ئه‌مه‌ش هه‌ر له هه‌فته‌ی داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه ریفراندۆم ناوچه‌كانی كێشه له‌سه‌ریش ده‌گرێته‌وه، تا ئێستاش هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پڕۆسه سیاسی و ئابوورییه‌كان هه‌رێم خۆی بڕیاری داوه عێراق رازی بێت یان نا، ئه‌مه‌ش عێراق خۆی وایكردووه، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌رن ده‌بێت دابنیشین، چونكه له‌و ناوچانه سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبیشیان لێیه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ریفراندۆم سه‌رجه‌م ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كانیش ده‌گرێته‌وه؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئێستا دوا بڕیاری ئێمه كه داومانه ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه‌یان لێیه و پارێزگاریی لێده‌كرێت له‌وێ ریفراندۆم ده‌كرێت، له‌و شوێنانه‌ی كه پێشمه‌رگه‌ی لێ نه‌بێت بۆ پاراستنی گیانی خه‌ڵك ریفراندۆمی تێدا ناكرێت، به نموونه چه‌ند گوندێكی شنگال و حه‌ویجه شوێنی تر كه زۆرینه‌ی شیعه‌ن و حه‌شدی شه‌عبییان لێیه".
- "ئه‌گه‌ر خه‌ڵك تا 24ی ئه‌یلوولیش گله‌یی هه‌بێت له 25ی ئهیلوول ده‌چێته ریفراندۆمه‌وه"
ئاژانسی ئانادۆڵو: بارودۆخی ناوخۆی، پێشبینی ده‌كه‌ن سه‌رباری هه‌موو كێشه‌كان ریفراندۆم ده‌نگی زۆر به‌ده‌ست بهێنێت؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئێمه له به‌لجیكاش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌مان باس كرد، سه‌رۆكی هه‌رێم ئێستا رای گۆڕیوه و ئاماده‌یه و گوتوویه‌تی به‌بێ هیچ مه‌رجێك با گۆڕان بێته‌وه و په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، ئێستا هه‌ندێك شتی ورد ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ش پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێت، پێم وایه ئێستا په‌یوه‌ندیی له نێوان پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌یه، ئومێدمان هه‌یه پێش 25ی ئهیلوول لایه‌نه‌كان بگه‌نه چاره‌سه‌ر".
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ده‌كه‌ن ریفراندۆم چه‌ند له‌سه‌دی به‌ڵێی خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنێت؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ناتوانم رێژه‌یه‌ك دیاری بكه‌ین، به‌ڵام زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگ به به‌ڵێ ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر دۆخی ناوخۆییش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵیش ده‌نگ به به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم ده‌ده‌ن، دڵنیام و ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانیین ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه چاره‌سه‌ریش نه‌كرێت ئه‌و دوو لایه‌نه به به‌ڵێ ده‌نگ بۆ ریفراندۆم ده‌ده‌ن.
مه‌سه‌له‌ی سیاسی شتێكی تره و بیری ستراتیجی شتێكی دیكه‌یه، بۆیه ئه‌وان ده‌نگ به به‌ڵێ بۆ ریفراندۆم ده‌ده‌ن، چونكه باوه‌ڕناكه‌م ئه‌وه‌ی هه‌ست به به‌رپرسیارێتی بكه‌ن ده‌نگ به نه‌خێر بده‌ن یان بیانه‌وێت پڕۆسه‌كه شكست بهێنێت، بۆیه پێشبینی ده‌كه‌م دۆخی ناوخۆی چاره‌سه‌ر بكرێت و له 25ی ئه‌یلوولدا هه‌مووان به به‌ڵێ ده‌نگ به سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌ته یان بۆ وتوێژه؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "بۆ ده‌وڵه‌ته بێگومان".
ئاژانسی ئانادۆڵو: عێراق رازی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "ئه‌گه‌ر عێراق وڵاتێكی باش بایه و هیچ كێشه‌مان نه‌بایه و 17 له‌سه‌دی ئێمه‌یان نهبڕیبایە و نیازیان وانهبایە ده‌سه‌ڵاتێكی گشتگیر زاڵ بێت كه مه‌زهه‌بی بێت ئه‌وا ئه‌وكات جیانهدهبووینهوه، ئه‌گه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تیشمان هه‌موو هه‌بایه، به‌ڵام ئێستا به ناچاری جیاده‌بینه‌وه، چونكه عێراق ئه‌وه 100 ساڵه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی دووباره ده‌كاته‌وه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌رێمی كوردستان بنه‌ماكانی بوون به ده‌وڵه‌ت به تایبه‌ت ئابووری و دارایی و ئاسایشی به‌هێزه؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "له دونیا گرنگترین شت ئابووری و نه‌وته، له‌پاڵ ئاسایش و به‌رقه‌راریی، ئێمه نه‌وتمان هه‌یه، وڵاتانی كه‌نداو و كه‌نه‌داش هه‌روان، ئاسایشمان به‌رقه‌راره، بۆیه ئه‌وه‌ش گرنگه بۆ ئێمه، عێراق سه‌رباری ئه‌و هه‌موو كێشانه به نه‌وت توانیویه‌تی تا راده‌یه‌ك بمێنێته‌وه، ئێمه كێشه‌ی ئابوورییمان نییه، كێشه‌ی داراییمان هه‌یه، ئێمه سامانی سروشتی و نه‌وت و كشتوكاڵمان هه‌یه، ئێمه كێشه‌مان له رێكخستنی دارایی هه‌رێم هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌ڕێكی به‌ڕێوه‌ببرێت كێشه‌ی دارایی نامێنێت، بۆ نموونه رێژه‌یه‌كی زۆر فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرمان هه‌یه كه 70 له‌سه‌دی داهات بۆ ئه‌مان ده‌چێت، بۆیه چاوه‌ڕوانی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتین ئه‌و كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر ببێت.
عێراقیش كه توانیویه‌تی كێشه‌ی نه‌بێت ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌ته و قه‌رز ده‌كات و پاره راده‌كێشێت، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه، عێراقیش به‌شی هه‌رێم نادات.
ئاژانسی ئانادۆڵو: خه‌ڵك گله‌یی هه‌یه و ره‌نگه به هۆی خراپی باروگوزه‌رانی خه‌ڵك خه‌ڵكانێك ده‌نگ به به‌ڵێ نه‌ده‌ن، بۆچوونتان چییه؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "هه‌تا 24ی ئهیلوول خه‌ڵك گله‌یی هه‌بێت له 25ی ئهیلوول خه‌ڵك ده‌چێت و ده‌نگ ده‌دات، خه‌ڵك 25 ساڵه به به‌رده‌وامی بۆ زۆر شت گله‌یی هه‌بووه، به‌ڵام له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌چێت و ده‌نگ ده‌دات، چونكه به تایبه‌ت ئه‌و حزبانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان حزبی مێژوویین و ئه‌و رۆژه‌ش رۆژێكی مێژووییه، مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یش نییه، رۆژی دیاریكردنی چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه كه ده‌یانه‌وێت له عێراق جیاببنه‌وه.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ئه‌گه‌ری روودانی شه‌ڕ به تایبه‌ت له نێوان هه‌رێم و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێت؟
محه‌مه‌د ئیلخانلی: "له ئاینده‌دا ئه‌گه‌ر ریفراندۆم نه‌كه‌ین و سنووره‌كانی عێراق به چاودێری نێوده‌وڵه‌تی رێكنهخهینهوه ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه ئه‌و شه‌ڕه دروست بێت له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و حكوومه‌تی عێراقیش خۆی لێ بێ به‌ری ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وان خه‌ڵكن و هێزی ناڕێكخراون، بۆیه به بێ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ناچینه ناوچه‌یه‌ك و ریفراندۆمی تیادا بكه‌ین كه بزانیین كێشه هه‌بێت، هه‌وڵ ده‌ده‌ین ریفراندۆم له هه‌موو ناوچه‌كان بێ كێشه بكرێت، ئه‌گه‌ر نه‌كرێت له‌و ناوچانه ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌یه گیانی خه‌ڵكی له‌و ناوچانه بپارێزین".
news_share_descriptionsubscription_contact

