Hamit Hüseyin
30 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2016
-فوئاد مەعسووم: " گفتوگۆ و دیدارەکانی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان سوودی زۆری دەبێت و دەبنە هاوكارێك كە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە".
- نێچیرڤان بارزانی: "هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەردەوامیی بدات بەگفتوگۆ و دیدارەكانی هەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا".
لەچوارچێوەی كۆبوونەوە و دیدارەكانی دووەم رۆژی سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری، لەگەڵ سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسووم كۆبوونەوە.
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری رۆشنبیریی عێراق، فریاد رواندزی ئامادەی بوو سەركۆمار خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیدار و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دەربڕی، بەتایبەتی كە لە كۆبوونەوە و دیدارەكاندا هەردوولا بە راشكاوانە قسەیان كردووە.
مەعسووم ئاماژەی بەوەیشدا ئەم گفتوگۆ و دیدارانە سوودی زۆری دەبێت و دەبنە هاوكارێك كە سەرجەم كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە و هیوای خواست سەردانی شاندەكان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا، بەردەوام بێت و هەماهەنگیی لەنێوان هەردوولادا تۆكمەتر بكرێت.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵسەنگاندن و تێبینییەكانی سەركۆماری عێراق دەربارەی دیدار و كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێم لە بەغدا كرد، هەروەها پوختەیەكی دەربارەی كۆبوونەوەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق خستەڕوو. ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیدارەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا، دەربڕی.