بەغدا
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی داعش لە بەرەكانی شەڕ كوژران، كۆتایی هێنان بە رێكخراوەكە نزیكبووەتەوە و ئاماژەی بەوەشدا، ئاوارەکانیش دەستیان كردووە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان لە شاری رومادی.
لە میانی رێورەسمی ساڵیادی شەهیدی محیراب كە لە نووسینگەی عەممار حەكیم بەڕێوەچوو، عەبادی گوتەیەكی پێشكەشكرد و گوتی: "ئەمڕۆ یادی هەموو ئەو كەسانە دەكەینەوە كە لەسەر بەرگری کردن شوێنەكانی پیرۆز و شەهیدی میحراب گیانیان بەختكردووە".
سەرۆكوەزیران راشیگەیاند، ئەمڕۆ ئەوەی عێراقییەكان بە یەكریزی هێشتووەتەوە حكوومەتی شەراكەتی نیشتمانییە كە بوار بە فەرامۆش و پەراوێزخستنی لایەنەكانی تر نادات، ئەم شەراكەتە مافی لەسەرە و بەرپرسیاێتی هەستانەوەی عێراقی لە هەموو بوارەكاندا لەسەر شانە.
حەیدەر عەبادی جەختیشی كردەوە، ئەم شەراكەتە لە بەرنامەی حكوومەتدا كە پێوە پابەندە و بەرنامەی حكوومەتیش بەرنامەیەكی هەمووانە و بەرپرسیاریەتێكەشی هەر بۆ هەموانە.
سەرۆكوەزیران لە گوتەكەیدا داوای لە هێزەكانی ئەمنی كرد، كە پاراستن و ئاسایش بۆ خێزانەكانی ئاوارە كە روویان لە شاری بەغدا كردووە پێشكەش بكەن و پارێزگاریش لە هاووڵاتییانی شارەكە بكەن، چونكە دوور نییە چەكدارانی داعش بە نێو خێزانە ئاوارەكاندا دزەیان كردبێتە ناو شاری بەغدا بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەو شارە تێكبدەن.
لە كۆتایی قسەكانییدا عەبادی گوتی: "دەركردنی داعش لە عێراق زۆر نزیكبووەتەوە بە تایبەتیش كە لە چەند بەرەیەكی شەر، ورەی چەكدارانی داعش لاوازبووە و ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی رێكخراوەكەش كوژراون".