ھەولێر
دوای شەڕی سووریا و شەڕی داعش لەعێراق، نزیكەی دوو ملیۆن پەنابەر روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و رێكخراوەكانی سەربە UN نەیانتوانیوە وەك پێویست خزمەتگوزاری پێشكەش بەو پەنابەرانە بكەن بە جورێك كە ماوەی نزیكەی دوو ساڵە چەندین خێزان لە سەر شەقامەكان و خانووی تەواو نەكراودا دەژین. لە سنووری شەش شارەوانی ناو شاری ھەولێر ٢٧٠ خێزانی ئاوارە ھەن كە بڕیارە تا دوای جەژن ھەموویان رەوانەی كەمپەكان بكرێن.
جێگری پارێزگاری ھەولێر تاھیر عەبدوڵڵا سەبارەت بە گواستنەوەی ئاوارەكانی سەر شەقام بۆ ناو كەمپەكان بە ئاژانسی ئانادۆلو گوتی:"ئێمە دوو جۆر پەنابەرمان ھەیە ئەوەیش ئەوانەن كە دەبێت یا لە كەمپەكان بن یا ئەوانەی كە توانای دارییان باشە خانوو لە نێو شاربە كڕێ دەگرن و بەردەوام دەبن لە ژیانیان. لە نێو ئاوارەكان كۆمەڵێك گرووپ ھەن كە لە سەر شەقام و بینا كۆنەكان و خانووی تەواو نەكراودا دەژین ئەوەش وای كردووە دیاردەیەكی زۆر نەشیاو لە كوردستان درووست بێت و بوونەتە مایەی بێزاركردنی ھاووڵاتییانیش ھەر بەو ھۆیانە ئێمە بڕیارمانداوە كە ئەو پەنابەرانە بگوازێنەوە ناو كەمپەكان".
تاھیر عەبدوڵڵا گوتی: "چەند خێزانێك رەوانەی كەمپەكان كراون وبەردەوامیش دەبین و ھەر یەك لەو ئاوارانە ئێمە زیاتر لە سێ جار ئاگاداركردنەوەمان پێداون كە ئامادەكاری خۆیان بكەن بۆ رۆیشتن بەرەو كەمپەكان، ئەوەیش لە كاتێكدایە كە لە سنووری شەش شارەوانی ناو شاری ھەولێر ٢٧٠ خێزانی ئاوارەی سەر شەقام ھەن".
جێگری پارێزگای ھەولێر ھەروەھا گوتی: "بەداخەوە ھاووڵاتییانی ئێمە بە دلسۆزی و عاتیفەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاوارانەدا دەكەن و نازانن كە ئەوانە دوای لێكوڵینەوەكانمان دەركەوتووە كە زۆربەیان وەك گرووپ و باند كاری سواڵكردن دەكەن".
پەنابەرێكی سووری بە ناوی حاجی حەمید حەلەبی دەڵێت: "ئێمە دەمانەوێت لە ناو شار بمێنینەوە چونكە رەوشی كەمپەكان زۆر خراپە و لەوێ كەس ئاگای لە ئێمە نابێت".