هەولێر - شوان سدیق
كاتژمێر چواری سه‌رله‌ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه 18ی ئه‌یلول (پرێت مه‌كگۆرك) یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق، سه‌ردانی كه‌مپی كهورگۆسگی كرد له قه‌زای خه‌باتی سه‌ر به‌پارێزگای هه‌ولێر.
پاش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قایمقامی قه‌زاكه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی (پرێت مه‌كگۆرك) رایگه‌یاند "له واشنتۆنه‌وه هاتووین بۆ كوردستان، بۆ سه‌ردانی ئاواره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه دڵنیا ببینه‌وه، بزانین ژیانیان چۆنه و له چ گوزهرانێكدان. ئه‌وه‌ی ئێمه ته‌ئكیدمان كرده‌وه لێره، ئاواره‌كان خواردنیان باشه و ده‌توانن بخوێنن، لایه‌نی ته‌ندروستیان بۆ دابین كراوه و باشه".
هه‌روه‌ها گوتی "زۆر سوپاسی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك وه‌زیران كاك نێچیرڤان بارزانی ده‌كه‌ین بۆ هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی سوری".
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عێراق گوتی، ئه‌مریكا كۆمه‌كێكی زۆری په‌نابه‌رانی سوری كردوه. رۆژانه 5 هه‌زار كه‌س هاتوونه‌ته ئێره.
مه‌كگۆرك وتیشی "ئێستا زیاتر له 2 ملیۆن سوری به‌هۆی جه‌نگه‌وه ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێی سوریا بوون. له‌و رێژه‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی زۆریان له عێراقن، كه 90%یان له كوردستان نیشته‌جێن".
له‌وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری (ئانادۆڵو) سه‌باره‌ت جیاوازی دۆخی په‌نابه‌رانی سوری له كوردستان، به‌راورد به‌وڵاتانی تر (پرێت مه‌كگۆرك) وتی "ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایه له‌وانه‌یه دۆخێكی مرۆیی زۆر ناله‌بار رووی بدایه، ده‌ستخۆشیان لێ ده‌كه‌ین و دڵنیایان ده‌كه‌مه‌وه له‌ڕێی به‌رێز (جۆن كیری) وه‌زیری ده‌ره‌وه هه‌وڵه دیپلۆماسیه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ بارودۆخی سوریا بدۆزێته‌وه.
پاش كۆنگره رۆژنامه‌وانیه‌كه جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئاواره‌كانیشی كرد له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی و كه‌سایه‌تی رۆژئاوای كوردستان گفتوگۆی كرد.
فاتمه عه‌بدولعه‌زیز ژنێكی ته‌مه‌ن 51 ساڵ له به‌رده‌م خێمه‌یه‌ك وه‌ستابوو به (ئانادۆڵو)ی وت "كێشه‌ی نه‌بوونی غاز و ئامێری فێنكه‌ره‌وه‌مان هه‌یه به‌و گه‌رما و پایزه له‌ناو خێمه منداڵه‌كانمان توشی سكچوون و رشانه‌وه بوون".
ئامینه ئیبراهیمی 60 ساڵ به‌ته‌نیا له شامی سوریاوه، ئاواره‌ی كه‌مپی كه‌ورگۆسك بووه، ئه‌و ئێستا نه‌خۆشی درێژخایه‌نی هه‌یه و ده‌ڵێ "پاره‌م نیه بچم سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بكه‌م نه‌خۆشخانه‌ی حكومیش لێره چاره‌سه‌رم ناكا، هیوادارم هه‌موولایه‌ك ئاوڕمان لێ بده‌نه‌وه، ره‌نگه سه‌دان كه‌سی وه‌ك من نه‌خۆش بێت له‌م كه‌مپه".
ئێستا له كه‌مپی كه‌ورگۆسك 15 هه‌زار هاوڵاتی سوری نیشته‌جێن، په‌نابه‌ران كێشه‌ی خۆراك و ئاوی خواردنه‌وه‌یان نیه.
شێخ محه‌مه‌د موراد سه‌رۆكی ده‌زگای شێخی شه‌هیدان بۆ گفتوگۆی ئاینی ده‌ڵێ "ره‌وشی په‌نابه‌رانی سوری له كوردستان باشتره تا توركیا، به‌ڵام ترسمان له وه‌رزی زستان هه‌یه ئه‌گه‌ر دوو رۆژی تر باران ببارێ ئه‌و خه‌ڵك ژیانیان لێره زۆر ناخۆش ده‌بێ".
شێخ موراد ئه‌وه‌شی گوت "كێشه‌یه‌كی تری په‌نابه‌ران له كه‌مپی كه‌ورگۆسك ئه‌وه‌یه ئه‌وان ناتوانن به‌ئازادی هاتووچۆ بكه‌ن و بچنه سه‌ركاری خۆیان، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له 21ی ئه‌یلۆل، حكومه‌تی كوردستان ئیقامه‌یان بۆ ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كار بكه‌ن".
رزگار مسته‌فا قایمقامی قه‌زای خه‌بات گوتی "ئه‌مریكا هه‌موو هاریكاریه‌كی خۆی خستۆته‌ڕوو بۆ لێقه‌واماوانی سوری، سه‌ردانی نوێنه‌ری ئه‌مریكاش بۆ هه‌ولێر زیاتر بۆ ئه‌وه بووه، دیاره ئه‌وان فهندێكی زۆری هاوكاری مرۆییان پێشكه‌ش به لێقه‌وماوان كردوه و داویانه‌ته یونامی بۆیه ده‌یانه‌وێ له نزیكه‌وه بزانن ئه‌و هاوكاریانه چۆن گه‌یشتۆته‌وه لێقه‌وماوان".
به‌پێی ئاماری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش، زیاتر له 210 هه‌زار ئاواره و لێقه‌وماوی سوری به‌هۆی جه‌نگ و برسێتی ماڵ و حاڵیان جێهێشتووه و روویان له كوردستان كردوه.