واشنتون
ھاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی گفتوگۆکانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە رادەستکردنەوەی چەکی کیمیایی سوریا بە کۆمیتەیەکی نێونەتەوەیی، سەرۆکی ئەمریکا باراک ئوباما جەختی کردەوە قەبوڵکردنی پێشنیارەکەی روسیا ھەنگاوێکی باشە بەڵام بۆ ئەوەی بزانن بەشار ئەسەد جدییە پێویستیان بەکردار ھەیە.
سەر ۆکی ئەمریکا لەمیانی گوتاری حەفتانەی خۆیدا باسی ھەوڵە دیپلوماسییەکانی کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریاو گوتی: بە ھۆی ھەڕەشەی ھێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر سوریا دەرفەتی چارەسەر کردنی قەیرانی ئەو وڵاتە بە رێی دیپلۆماسی رەخساوە".
ئوباما لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەی خۆیدا باسی ئەوەی کرد بۆ ھاندانی روسیا بۆ گوشار خستنە سەر رژیمی ئەسەد بۆ رادەستکردنی چەکە کیمیاییەکانی، ھەوڵ دەدات رای گشتی نێودەوڵەتیش پشتگیری لە روسیا بکات بۆ ئەوەی رێگە چارە دیپلوماسی درێژەیان ھەبێ داوای لەکۆنگرێس کردووە پرۆسەی دەنگدان لەسەر ھێرشی سەربازیی بۆ سەر سوریا دواخات.
سەبارەت بە تێپەڕاندنی کات لە لایەن روسیا و سوریایەوە، ئوباما ئاماژەی کر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا (جۆن کیری) لەکاتی چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ ھاوتا روسییەکەیدا زۆر بەڕوونی ئەوەی پێ راگەیاندوون ئەمریکا بەھیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکا ئەم پێشنیارە ببێتە ھۆی خافڵاندن و کاتکوشتن.
سەبارەت بە مۆر کردنی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی لەلایەن رژێمی سوریاوە، ئوباما گوتی "تا حەفتەیەک لەمەوبەر سوریا نکوڵی لەھەبوونی چەکی کیمیایی دەکرد، بەڵام دوو رۆژی رابردوو داوای مۆرکردنی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کردووە ئەمە پێشکەوتنێکی باشە و پێویستە روسیا لەم بوارەدا ھانی سوریا بدات تا راستگۆیی خۆی بسەلمێنێ".