هەولێر
كۆنگرەی عەرەبیی یەكەم بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هەولێر بەسترا و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سونەی عێراق بەشداربوون تیایدا.
ئەمڕۆ لە هەولێر نوێنەرەکانی سونەكانی عێراق كۆنگرەی یەكەمی خۆیان لە ژێر ناوی" كۆنگرەی عەرەبیی یەكەم بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی" لە شاری هەولێر بەست كە بە پێی هەڵسوڕێنەرانی، كۆنگرەكە بۆ دروست كردنی یەك دەنگییەكی سونەكانی عێراقە لەسەر تاوانەكانی داعش و توندڕەویی میلیشاكان.
جێگری سەركۆماری عێراق ئوسامە نوجێفی لە گوتارێكدا ئومێدی سەركەوتنی بۆ كۆنگرەكە خواست كە بتوانێت لە ئاست داخوازییەكانی گەلی عێراقدا بێت و گوتی: "دەبێت راسپاردەكانی كۆنگرە بتوانێت نەخشەی قۆناغی داهاتوو بكێشێت و رووبەڕووی ئەو ركابەرایەتییانە ببێتەوە كە رووبەڕووی دەبینەوە، لە سەروویانەوە هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش" جگە لەوەش پرسی نەبوونی خزمەتی پێویستی بۆ ئاوارەكان باس كرد كە بە بۆچوونی ئەو لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان.
ئوسامە نوجێفی گوتی: "ئەو قۆناغەی ئێستا قۆناغێكی زۆر هەستیارە لە بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی، یان ئەوەیە دەبێت لەو ئاستە بین كە گەل چاوەڕێمان لێ دەكات، یان ئەوەیە سەرقاڵی ناكۆكی ناوخۆیی دەبین كە تەنیا دوژمن لێی سوودمەند دەبێت". گوتیشی لە عێراق جێگەی داعش نابێتەوە.
جێگری سەركۆماری عێراق لە درێژەی گوتارەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد كە تیرۆر لە عێراقدا بە تەنیا لە رێگەی هەوڵی سەربازییەوە چارەسەر ناكرێت و گوتی: "دەبێت بە بۆچوون و بیروڕاش رووبەڕووی تیرۆر بە تایبەت داعش ببینەوە".
ئوسامە نوجێفی باسی لە داعشیش كرد و گوتی: "داعشی تیرۆریست هیچ پەیوەندییەكی لە دوور و نزیكەوە بە سونەوە نییە، ئەو پێكهاتەیەكی هەمەجۆرە و نەتەوە و رەگەزی زۆری تیادایە و دوورە لە كڕۆكی ئاینی ئیسلام كە دوژمنی تیرۆرە".
نوجێفی لە درێژەی قسەكانیدا چووە سەر ئەو پارێزگا سونییانەی كە ماوەیەكی زۆرە لە عێراقدا كێشەیان لەگەڵ سیاسەتەكانی حكوومەت هەیە بە تایبەت لە سەردەمی نوری مالیكیدا ئەو كێشانە بە تەواوەتی قووڵ بوونەوە، گوتی: "هەرچی ناكۆكییەكانە لەگەڵ هاوبەشەكانمان لەسەر ئەو سیاساتانەیە كە پارێزگاکانمانی گرتووەتەوە لە سەركوت كردن، هاوپەیمانێتییەكانمان لەگەڵ كورد و شیعە كراوەیە و دوژمنانیشمان روونن".
گوتیشی: "پێكهاتەی سونە و پارێزگاكانمان زۆر سەركوت كراوە و ستەمی لێ كراوە و تەنیا دەبێت یەكگرتوو بین كە ئەوەش پێویستی بە یەك بوون و خۆ كۆكردنەوە دەبێت لەگەڵ دیاری كردنی بەرپرسیارێتییەكان".
نوجێفی روونیشی كردەوە: "برایانم لەمڕۆوە بە بەڵێن هەڵناخەڵتێین و لە مافی گەلەكەشمان خۆش نابین، رێگەمان روونە و ئامانجمان روونە، داوا دەكەم پرسی بە هەرێم بوونی پارێزگاكانیش بە هێمنی و لە ژێر رۆشنایی چارەسەر بكرێت".
جێگری سەركۆماری عێراق لە درێژەی گوتەكەیدا باسی لە پڕۆژە یاسای پاسەوانی نیشتمانیش كرد كە بە پێی ئەو پڕۆژەیە هەر پارێزگایەك سوپایەكی تایبەت بە خۆی دەبێت لە رۆڵەكانی خۆی و گوتی: "پاسەوانی نیشتمانیی پێكهاتەكەی لە هاوڵاتییانی پارێزگاكان خۆیان دەبێت و بە هیچ شێوەیەك سوپایەكی تایفی نابێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا ئوسامە نوجێفی گوتی: "ئەو شەش پارێزگایە زیاتر لە پارێزگاكانی دیکەی عێراق بە دەستی تیرۆرەوە دەناڵێنن، دەبێت ئەو جۆرە كۆنگرانە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە".