هەولێر
پارێزگاری موسڵ دەڵێت پێشمەرگە ئەركێكی زۆر گرنگ ئەنجام دەدەن و سوپاسیشی كردن لەمەڕ ئەو پێشڕەوییانەی بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش دەیكەن.
پارێزگاری موسڵ ئەسیل نوجێفی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا لەبارەی دەرهێنانی موسڵ لە دەستی چەكدارانی داعش كە ئێستا كاری بۆ دەكرێت و پلانەكانی لە كۆتاییەكانی دایە گوتی: "رزگاركردنی موسڵ لەسەر دوو خاڵی سەرەكی راوەستاوە، یەكەمیان نێوخۆییە، واتە بارودۆخی چەكدارانی داعش لە نێوخۆی موسڵ، هەروەها ئەویتر دەرەكییە، ئەوەش ئەو هێزانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی موسڵن و بۆ رزگاركردنی شارەكە ئامادەدەكرێن".
لەبارەی خاڵی دووەمیشەوە روونكردنەوەی زیاتری دا و گوتی: "خاڵی دەرەكی مەبەستم پڕچەككردن و دابینكردنی كەرەستە و پێداویستیی ئەو هێزانەیە بۆ رزگاركردنی موسڵ ئامادە دەكرێن، بەداخەوە هێشتا ئەو هێزانە لەلایەن حكوومەتی عێراقییە پاڵپشتیی تەواو ناكرێت، ئەوەشی كراوە شتێكی كەمە لەوەی داواكراوە و پێویستیمان بە هاوكاریی زیاتر هەیە لە پڕچەككردن و دابینكردنی كەرەستەکانی سەربازی".
پارێزگاری موسڵ لە وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری ئاژانسی ئەنادۆڵو لەمەڕ ژمارەی ئەو چەكدارانەی بۆ رزگاركردنی موسڵ ئامادە دەكرێن، گوتی: "ئێستا ئەوەندە هێزمان هەیە بتوانن موسڵ لە دەستی داعش رزگار بکەن، بەڵام ئێمە كێشەمان هێزی سەربازی نییە چونكە بەهۆی پاڵپشتی نەكردنی تەواویان هێشتا ژمارەیەكیان پەیوەندییان بە سەربازگەكەیانەوە نەكردووە و كێشەمان پڕچەككردنە".
هەروەها گوتیشی: "خۆبەخشەكانمان زۆرینەیان ئەوانەن كە پێشتر لە دەزگاکانی ئەمنی موسڵ كاریان كردووە، ئەوان ئامادەی جەنگن بەڵام دابەشكردنیان ماوە و ئەوانەشی كە پێشتر چەكدار نەبوون خەریکین رێکیان دەخەینەوە".
ئەسیل نوجێفی كە ئامادەی كۆنگرەی عەرەبیی یەكەم بۆ تیرۆر بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی كە لە هەولێر رێكخرا و زۆرینەی هەرە زۆری نوێنەرانی سوننەكانی عێراق تێیدا بەشداربوون، لە نێویاندا جێگری سەركۆماری عێراق ئوسامە نوجێفی لەبارەی پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەوە كە سێشەممەی رابردوو هەشت گوندیان لە سنووری زوممار رزگاركرد، گوتی: "ئەو پێشڕەوییانەی پێشمەرگە دەیكەن لە رزگاركردنی ناوچەكان پاڵپشتیان لێوە دەكەین و سوپاسیان دەكەین، ئەوان هاوبەشن لەم نیشتمانە و ئەركی خۆیان، كە زۆر گرنگە جێبەجێ دەكەن. زۆر گرنگە لە چەند ناوچەیەكی مەخمووریش پێشمەرگە و عەشیرەتەکانی عەرەب هاوكاری یەكترن و ئەوە نموونەیەکی زۆر باشە".
سەبارەت بە هەماهەنگیی بەرپرسە سەربازی و ئیدارییەكانی موسڵ لەگەڵ عەشیرەتەكان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی موسڵ لە دەستی داعش، ئەسیل نوجێفی گوتی: "هەماهەنگیمان لەگەڵ عەشیرەتەکانی عەرەب هەیە و پاڵپشتیی عەشیرەتەكان دەكەین".
لە كۆتایی قسەكانیدا پارێزگاری موسڵ كە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە باسی لەوەكرد كە ئەوان پێویستیی زۆریان بە پڕچەككردن و پێداویستی لۆجستیکی هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا هەیە و گوتی" ئەمەریكییەكان بیر لە ناردنی هێزی سەربازیی بۆ رزگاركردنی موسڵ ناكەنەوە و ئێمەش پێویستمان بە سەرباز نییە، ئەوەی پێویستیی ئێمەیە پڕچەككردن و دابینكردنی كەرەستەی سەربازییە".