Muhammet Ali Kemal
19 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2015
واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما لیستی گرنگترین ئەو ١٠ رووداوەی ئامادەکرد کە لە ساڵی رابردوودا بۆ وڵاتەکەی گرنگ بوون.
ئۆباما لە گوتاری هەفتانەی دوایین هەفتەی ٢٠١٥دا لەتەلەڤزیۆنەوە بۆ گەلی ئەمریکا دوا. بە ئاماژەدان بە پشووی سەری ساڵ گوتی: "لەمەزنترین کاتی ساڵداین و هەمووان لیستی خواستەکان، لیستی داخوازییەکانیان لە بابە نوێل و لیستی هەڵسەنگاندنی کۆتایی ساڵیان هەیە. هەر لەبەر ئەوەیە کە منیش بڕیارم داوە کە دەست بە ژماردنیان بکەم".
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "بە بڕوای من ئەو ١٠ رووداوەی لە ٢٠١٥دا روویان داوە و لە ساڵی ٢٠١٦دا هەموو هاووڵاتییەکی ئەمریکی گەشبین دەکات" و دەستی بە ژماردنی بابەتەکانی نێو لیستەکەی کرد.
لە دوایین پلەدا ئۆباما ئابووری دانابوو، رایگەیاند کەلەماوەی ١٢ مانگی رابردوودا دوو ملیۆن و نیو کەس کاریان دۆزیوەتەوە و رێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا دابەزیوە و بووەتە لەسەدا پێنج.
لەپلەی نۆهەمدا ئۆباما باسی تەندروستی کرد و ئاماژەی بەوەکرد بۆ یەکەمجارە کە رێژەی ئەو کەسانەی لە ئەمریکادا دڵنیایی تەندروستییان نییە لە ژێر لەسەدا ١٠ەوەیە.
لە پلەی هەشتەمدا ئاماژەی بۆ رێککەوتنی بواری گۆڕانی کەش و هەوا کرد کە هەفتەی رابردوو لە پاریس هاتە ئاراوە و لە پلەی حەوتیشدا ئۆباما باسی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوبا کرد.
رێکەوتنە ناوەکییەکە لەگەڵ ئێراندا لە پلەی شەشەمی لیستەکەی ئۆباما بوو، لە پلەی پێنجەمیشدا باسی "هەڵوێستی بەهێزی لە بەرەنگاربووەنەوەی تیرۆر" و ئاماژەی بۆ شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق کرد و گوتی: "داعش لە سووریا و عێراق ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی کردبوون لە دەستیان دەدات. هەتا ئەو کاتەی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەناو دەبەین ناوەستین".
سەرۆکی ئەمریکا لە ژمارە چواری لیستەکەیدا باسی ئەو رێکەوتنەی کرد کە لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمندا کردوویانە و لە ژمارە سێدا ئاماژەی بۆ ئەو یاسایەی بواری پەروەردە کە "وەک موعجیزەی دووانەی نوێل لە واشنتۆن" ناوی برد کە لە ئەنجوومەنی پیران بوودجەکەی پەسەند کرا و تایبەتە بە خوێندن و دواتر لەلایەن خۆیەوە واژۆ کراوە.
کاتێک هاتە سەر ژمارە دوو، ئۆباما گوتی ''عەشق بردییەوە'' و ئاماژەی بەوەکرد "کێ دەبن ببن، لە ئەمریکا ئازادی ئەوەتان هەیە لەگەڵ ئەو کەسەدا ژیان پێکدێنن کە خۆشتان دەوێت چونکە چیتر ئازادیی زەواج لە هەر ٥٠ ویلایەتەکە ئازادە".
لە پلەی یەکەمدا ئۆباما دەڵێت: "گرنگترین هۆکاری ئەوەی گەلی ئەمریکا بەگەشبینییەوە بچینە ٢٠١٦ و هەموو ئەو شتانەی دیکە کە ژماردرا تەنها لە سایەی گەلی ئەمریکادا توانراوە ئەنجام بدرێت و ئەگەر وەک ئەمەریکییەکان یەکگرتوو بین، ئەوە هیچ شتێک نامێنێت کە نەتوانین بیکەین".