Rewa Mahmut Hasan
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2016
لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ناو سووریا دەستی پێکراوە و پێی ناوەتە رۆژی ٣٠هەمەوە، تا ئێستا هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاککراوەتەوە و، زیاتر لە ٢٠ هەزار سووریش گەڕاونەتەوە جەرابلوس.
سوپای تورکیا بەهەماهەنگی هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئەرکی تایبەتی هاوبەش ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتیان لە ٢٤ی ئابی رابردوودا دەست پێکرد و بۆ دوورخستنەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی داعش و پەیەدە کە لەسەر سنووری تورکیا دروستیان کردبوو. لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنەکەوە توانرا شارۆچکەی جەرابلوس لە داعش پاک بکرێتەوە کە پێشتریش کەوتبووە دەستی پەیەدە و دواتر داعش کۆنترۆڵی کردبوویەوە.
سەرەتا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کەشفی ئاسمانی ناوچەکەیان دەکرد و ئامانجی تیرۆریستانیان دیاری دەکرد، دواتر فڕۆکە جەنگیەکان و تۆپخانەکان دەستیان دەرکرد بە بۆردومانکردنی ئامانجەکان و لەناوبردنیان، هاوکات لەڕێگەی هێزی زەمینیەوە سوپای سووریای ئازاد لەناو خاکی سووریاوە هێرشی کردە سەر جەرابلوس و رزگاری کرد لەدەستی داعش.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانەوە تائێستا ٩٠٠ ئامانجی تیرۆریستان بۆردومان کراوە و٤ هەزار هێرش کراوەتە سەر تیرۆریستان.
لەپێش جەژنی قورباندا پێداویستی خەڵکی جەرابلوس لە ئاو، کارەبا و پاکوخاوێنی دابین کران و دواتر ئاوارە سووریەکانی نیشتەجێی شاری عەنتاب باشووری تورکیا پەیتا پەیتا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن تاکو بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی خۆیان لە سووریا. لەماوەی یەک مانگدا لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی جەرابلوس ٣ هەزار و ٥٠٠ کەس بوو، بەرزبوویەوە بۆ ٢٥ هەزار کەس. هاوکات ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی ناوچەی منبج و عەزاز بەرە و جەرابلوس بەڕێکەوتوون و لەوێ نیشتەجێن.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تا ئێستا هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆریستان پاککراوەتەوە و هێڵەکانی سنووری تورکیاش هەڕەشەیان لەسەر نەماوە.